م. زرێبار
پیرەدارێکی کوردانە، ڕاوەستاوێکی شاخانە،
پووزەوانە لە پێ و، لە ملی ئاڵاندبوو جامانە،
خاوەن هەستێکی پیاوانە،
ڕدێن سپی و ڕووسوور، بە باوەڕەوە پشت ئەستوور،
لە تۆرەمەی چیا سەربەرزەکانی بەیان، ئاسمانبڵاغی، کێوەڕەش، سوروسات، بێژنگ بەسەر، شاخ شاخ، تەوێڵەکۆ و سوورەقەڵا، بە ئاوی گۆی مەمکی دایکی نیشتمان و چۆمەگەورە و سارۆخ گۆچ کرابوو!
پیرەدارێ کە ڕیشەی لە نێو دەماری نیشتماندا ڕۆچوو بوو!
پیرەدارێ کە لەنێو کۆماردا کەوتبووە دارەدارە و بە شمشاڵەکەی مامە قالە هاتبووە سەما!
پیرەدارێ کە 70ساڵ بە بانگی بەربەیانی ئەی ڕەقیب، تیشکی خۆرەتاوی هەڵدەمژی!
پیرەدارێ کە گەرما و سەرمای ڕۆژگار لە پێی نەخستبوو!
پیرەدارێ کە تەڵەزمیی خۆیی و ناخۆیی لە ئاستیدا، لارەمل و کول و شل بوون!
پیرەدارێ کە لە جۆگەی دوژمن لێوی تەڕ نەکردبوو و هەوری ڕەشی زەمانە نەیژاکاندبوو!
پیرەدارێ کە سەدان کۆتری ئاشتی لە دەوری خۆ کۆ کردبووەوە!
پیرەدارێ کە دەستەچیلەی کوانووی شۆڕشێکی دەیان ساڵە و پڕئەزموون و وانە بوو!
پیرەدارێ کە باوانی لاوانی شۆڕشێ بوو!
پیرەدارێ کە توێشووی هیوای گەلێکی بەش خوراو بوو!
پیرەدارێ کە سەدان چیرۆکی نەبەزی لە سینگدا پاراستبوو!
پیرەدارێ کە گەڵای هیوای هێشتا سەوز و شین بوو و پاییزی بێهیوایی لە سەر پەلکی نەنیشتبوو!
پیرەدارێ کە هێشتا بەهار لەنێو چاوانیدا ئەدرەوشایەوە!
پیرەدارێ کە بە هیوای شنەبای ئازادی، ڕدێنی دەشنایەوە!
پیرەدارێ کە بە ئاوی باوەڕ بە خودا و خەڵک گۆچ کرابوو!
پیرەدارێ کە گۆچانی بۆ ڕێگای پڕ هەوراز و نشێوی خەبات، لێ چەمابوو!
پیرەدارێ کە مانگ و ساڵەکانی تەمەنی چراوگی هەبگەو هەواری گەلێ بوو!
پیرەدارێ کە زۆرجار پێغەمبەری ئاشتیی لە ئامێز گرتبوو!
پیرەدارێ کە هێلانەی بۆ سەدان کۆتر و قومری هەڵبەستبوو!
پیرەدارێ کە قاڵاو و کونەبوو، لە سەر پەلکی هێلانەیان نەکردبوو!
پیرەدارێ کە بە قڕەقڕی داڵەکەرخۆرەی پیر، نەخڵەتابوو!
پیرەدارێ کە سێبەری بۆ داگیرکەری دڵ پڕ لەقین نەکردبوو!
پیرەدارێ کە نەببوو بە داردەستی نەیار!
پیرەدارێ کە لە تەور نەترسابوو بەڵکوو تەنیا لە دەسکی تەورەکان، زیز بوو!
پیرەدارێ کە ئەسرینی بۆ داری هاودارستان دەباراند و بۆ دارستانی سووتاو دەیناڵاند!
پیرەدارێ کە لە سێبەریدا سەدان ڕەشبەڵەکی سەرکەوتن گیرابوو!
پیرەدارێ کە دەیان ساڵ دەس لە ملی چیاکانی کوردستان بوو!
پیرەدارێ کە زۆر تەرمی سوورخەڵاتی داڵدە دابوو!
پیرەدارێ کە هێشتا جامانەی سەر چۆپی سووڕ دەدا!
پیرەدارێ کە بای سەر سەڕ و شەختەی زستان سەری پێ نەوی نەکردبوو!
پیرەدارێ پاش سەدەیەک هێشتا، پڕ بوو لە چرۆ و خەڵف و لقی هیوا و هومێد!
پیرەدارێکی بەبەر و پڕ شانازی، ئەمڕۆ ئارام لێی نووستووە و سبەی خلەف و وەچی سەوزتر دەڕوێتەوەو دەژێتەوەو لاوانی خاکی پۆش لە سێبەریدا، ڕەشبەڵەک دەگرن و چۆپی ئازادی دەکێشن و سێ پێ دەکوتن!