کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەنجومەنی قەڵەمی ئەمریکا: لە ساڵی ٢٠٢٢دا ئێران دووەمین زیندانی گەورەی نووسەران بوو

10:52 - 9 بانەمەڕ 2723

ئەنجومەنی قەڵەمی ئەمریکا، لە ڕاپۆرتێکدا لەسەر بارودۆخی ئازادیی ڕادەربڕین بۆ نووسەرانی جیهان لە ساڵی ٢٠٢٢ی زایینی ڕایگەیاند کە ٣١١ نووسەر لە ماوەی یەک ساڵدا زیندانی کراون کە زۆربەی بەندکراوان لە وڵاتانی چین و ئێران بوون.

ڕۆژی هەینی ٨ی بانەمەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی قەڵەمی ئەمریکا، چین و ئێرانی وەکوو خراپترین وڵات لە بواری ئازادیی ڕادەربڕین ناو لێ برد و وتی: لە ماوەی یەک ساڵدا لە چین ٩٠ نووسەر و لە ئێران ٥٧ نووسەر دەسبەسەر و بەند کراون.

ئەو ئەنجومەنە بە ئاماژەدان بە ناڕەزایەتییە گشتییەکانی گەلانی ئێران دژی دەسەڵات ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو ناڕەزایەتییانەدا ٣٩ نووسەری دیکەی دەسبەسەر کردووە کە ئەوە زۆرترین ئاماری نووسەرانی دەسبەسەرکراوە لەو ماوەیەدا.

هەروەها ئێران گەورەترین بەندیخانەیە بۆ ژنانی نووسەر لە جیهاندا، بە جۆرێک کە لە ٤٢ ژنی نووسەری بەندکراو لە جیهاندا ١٦ کەسیان لە ئێران و ١١ کەسی دیکەشیان لە چین بەند کراون.

ئەنجومەنی قەڵەمی ئەمریکا بە ئاماژەدان بە ناڕەزایەتییەکانی گەلانی ئێران دژی دەسەڵات کە بە دروشمی "ژن ژیان ئازادی" لە هەموو جیهان ناسراوە، نووسی: سەرەڕای هەوڵی حکوومەتەکانی ئێران و چین بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی خۆیان، خەڵکی ئەو دوو وڵاتە ڕێگەگەلێکیان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتییەکانیان لە دەسەڵات بینییەوە و ڕووبەڕووی دەسەڵاتی دیکتاتۆری وڵاتەکەیان بوونەوە.