کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

‍مەولەوی عەبدولحەمید: خەڵک داوای سزادانی بڕیادەرانی تەقەکردن لە خەڵک لە هەینیی خوێناویی زاهیدان دەکەن

10:54 - 9 بانەمەڕ 2723

 پێشنوێژی هەینیی مزگەوتی مەککیی زاهیدان وتی: خەڵکی زاهیدان داوای سزادانی ئەو کەسانە دەکەن کە ڕاستەوخۆ لە هەینیی خوێناویی زاهیداندا تەقەیان لە خەڵک کردووە، هەروەها بڕیاردەرانی ئەو کارەساتەش دەبێ دادگایی و سزا بدرێن.

مەولەوی عەبدولحەمید، پێشنوێژی هەینیی مزگەوتی مەککیی زاهیدان، ڕۆژی هەینی ٨ی بانەمەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی لە خوتبەکانیدا بە ئاماژەدان بەوەیکە دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێران تا ئێستا هیچ جۆرە هەوڵێکی بۆ دەسبەسەرکردن و سزادانی ئەو کەسانەی کە لە هەینیی خوێناویی زاهیداندا دەستیان هەبوو نەداوە، وتی: چۆن دەتوانن بکوژانی هێزەکانتان بە خێرایی دیاری بکەن، بەڵام ناتوانن بکوژانی خەڵکی ڕاپەڕیوی زاهیدان دیاری بکەن.

پێشنوێژی هەینیی زاهیدان، بە ئاماژەدان بە ڕووداوەکەی شاری فەنووج، کە چەندین هاووڵاتیی بەلووچ کوژران و بریندار بوون، ڕوو بە هێزەکانی ڕێژیم وتی: ڕووبەڕووی خەڵک مەبنەوە، بەڵکوو ئەرکی ئێوە ئەوەیە کە پشتیوانی خەڵک بن.

ناوبراو هەروەها وتیشی کە هێزە ئینتیزامییەکانی ڕێژیم بە تەقەی ڕاستەوخۆ و نایاسایی بوونەتە هۆکاری تێکدانی ئاسایشی خەڵکی ئەو شارە و دەبێ داوای لێبووردن بکەن.

مەولەوی عەبدولحەمید لە خوتبەکانیدا باسی لەوە کرد: تا ئێستا هیچ دەوڵەتێک نەیتوانیوە بە زۆری چەک و هێزی خۆی دەسەڵاتەکەی بسەپێنێت و درێژە بە دەسەڵاتدارییەکەی بدات.

ناوبراو لە کۆتاییدا ئەوەشی زیاد کرد کە هۆکاری دژایەتیی بەرپرسانی ڕێژم لە بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم و گشتپرسی ئەوەیە کە بەرپرسانی ڕێژیم ئێستا چاک دەزانن کە ئاکامی گشتپرسی چییە و بۆیە پێشی پێ دەگرن.