دایە فاتمە زەمانی، دایکی شەهید کەریم قارەمانی و هاوسەری شەهید مام ئەولێ قارەمانی لە ئاوایی ئەحمەدئاوای سەر بە شاری تیکاب لە ناوچەی هەوشار کۆچی دوایی کرد.
پاشنیوەڕۆی ڕۆژی هەینی، ٨ی بانەمەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، دایە فاتمە زەمانی، دایکی شەهید کەریم قارەمانی و هاوسەری شەهید مام ئەولێ قارەمانی لە تەمەنی ٩٠ ساڵیدا بەهۆی بەساڵاچوویی و نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.
دایە فاتمە جیا لەوەیکە کوڕێکی لە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و حیزبی دێموکراتدا شەهید بووە، هاوسەرەکەشی، مام ئەولێ قارەمانی، یەکێک لە تێکۆشەرانی دێرینی ناوچەی هەوشار بوو کە تا دوایین ساتەکانی ژیانی وەک پێشمەرگەی کوردستان لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتدا خزمەتی بە گەل و نیشتمانەکەی کرد و ڕێکەوتی ٢ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی کۆچی دوایی کرد.
شەهید کەریم قارەمانی، کوڕی دایە فاتمە، لە تێکەڵچوون لەگەڵ هێزە بەکرێگیراوەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا لە کولتەپەی جەهانگیرخان بە دیل گیرا و دوای ماوەیەک دەسبەسەربوون بەبێ دادگاییکردن، ڕێکەوتی ٢ی خەرمانانی ساڵی ١٣٦١ لە شاری تیکاب لەسێدارە درا.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی کۆچی دوایی دایە فاتمە زەمانی، دایکی شەهید کەریم قارەمانی و هاوسەری شەهید مام ئەولێ قارەمانییەوە سەرەخۆشی لە کەسوکاری ناوبراو و خەڵکی نیشتمانپەروەری ناوچەی هەوشار دەکات.