کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەی حومس لە ناوەندی سووریە

11:01 - 9 بانەمەڕ 2723

ئیسرائیل لە هێرشێکی مووشەکیدا کۆگایەکی تەقەمەنیی سەر بە حیزبوڵڵای لوبنانی لە فڕۆکەخانەی سەربازیی "ئەلزەبعە" لە ناوچەی حومس کردە ئامانج.

بەپێی ڕاپۆرتی ''سانا'' یەکێک لە هەواڵدەرییە فەرمییەکانی سووریە، ڕۆژی شەممە ٩ی بانەمەڕ، لە ئاکامی هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەی حومس لە سووریە، سێ شارۆمەندی ئەو وڵاتە بریندار بوون و چەندین تانکێری سووتەمەنی ئاگریان گرت.

لەلایەکی دیکەوە چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە کە ئیسرائیل کۆگایەکی تەقەمەنیی سەر بە حیزبوڵڵای لوبنانی لە فڕۆکەخانەی سەربازیی "ئەلزەبعە" لە ناوچەی حومس کردە ئامانج.

ئەو هێرشە هاوکات لەگەڵ سەردانی ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران بۆ لوبنان بووە کە ناوبراو لە سەردانی خۆی بۆ سنووری لوبنان و ئیسرائیل وتبووی: ''ئاڵوگۆڕی پۆزەتیڤ لە ناوچەکەدا دەبێتە هۆی گۆشەگیری و هەڵوەشانەوەی ئیسرائیل.''

جێگەی ئاماژەیە کە ئیسرائیل مانگی ڕابردووش چەند بنکەی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران و حیزبوڵڵای لە شاری حومس کردبووە ئامانجی هێرشی ئاسمانیی خۆی.