ئەندامانی تێکۆشەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شنۆ بەبۆنەی ١٢ی بانەمەڕ، ساڵڕۆژی شەهیدکرانی ''سمایل شەریفزادە''، خوێندکاری پێشڕەو و شۆڕشگێڕی کورد کە بە ڕۆژی خویندکاری کورد ناودێر کراوە، چالاکیی تەبلیغیان بەڕێوە برد.
شەوی هەینی ڕێکەوتی ٨ی بانەمەڕ، ئەندامانی تێکۆشەری حیزبی دێموکرات، بەبۆنەی ١٢ی بانەمەڕ، ساڵڕۆژی شەهیدبوونی سمایل شەریفزادە و ڕۆژی خوێندکاری کورد، بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و بە بڵاوکردنەوەی تراکت و وێنەی شەهید سمایل شەریفزادە، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.
هەروەها لەو چالاکییەدا تێکۆشەرانی دێموکرات بە بڵاوکردنەوەی وێنەی قازی محەممەد و ئارمی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەسەر بەردەوامیی خەبات بۆ وەدیهاتنی ئامانجەکانی گەلی کورد پێداگرییان کردەوە.
ئەو شوێنانەی کە لە شنۆ چالاکیی تێدا بەڕێوە چووە بریتین لە: سەیرانگای دێشەمس، سەیرانگای چۆمی نێوان سەرگیز ـ پرداوێ و سەیرانگای مێژوویی دنخە.
١٢ی بانەمەڕ، ساڵیادی شەهیدبوونی سمایل شەریفزادە و هاوڕێیانی له حەماسەی بە شکۆی بەربەرەکانێی ڕۆڵە قارەمانەکانی دێموکرات لە ساڵەکانی ٤۷ -١۳٤٦ دژی ڕێژیمی پاشایەتیی ئێرانە، بەو بۆنەوە ئەو ڕۆژە بە ڕۆژی خوێندکاری کورد ناودێر کراوە.