کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە چەند شاری ئێران و کوردستان ناڕەزایەتی و مانگرتن بەڕێوە چوو

19:06 - 14 خاکەلێوه 2723

لە درێژەی ناڕەزایەتیی چین و توێژە جیاوازەکانی ئێران و کوردستان، ئەمڕۆ خانەنشینکراوانی شاری شووش و مامۆستایانی چەند پارێزگای ئێران، دژ بە پێشێلکردنی مافەکانیان و کێشەکانی بژێویی ژیان، ناڕەزیەتییان بەڕێوە برد.

ڕۆژی دووشەممە ١٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی، خانەنشینکراوانی شاری شووش لە درێژەی ناڕەزایەتییەکانی خۆیان سەبارەت بە گوێنەدانی بەرپرسانی ڕێژیم بە داواکارییەکان و پێداگری لەسەر بەرزکردنەوەی موچەکانیان، لە بەردەم فەرمانداریی ڕێژیم لە شاری شووش کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان وەڕێ خست.

هاوکات مامۆستایان لە پارێزگاکانی هەمەدان، ورمێ و بووشێهر بۆ جارێکی دیکە مانیان گرت و بەنیسبەت پێشێلکردنی مافەکانیان و کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ڕێژیم بە داوکارییەکانیان، ناڕەزایەتییان دەربڕی.

 لەلایەکی دیکەوە خانەنشینکراوانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی لە شاری ئەهواز لە بەردەم ئیدارەی دابینکردنی کۆمەڵایەتیی خووزستان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

ناڕازییان داوایان کردووە بەپێی هەڵاوسان و گرانی موچەکانیان زیاد بکرێت و مافە سەرەتایییەکانیان لەبەرچاو بگیردرێت، هەروەها خانەنشینکراوان لە پلاکاردێکدا نووسیانە کە ''لە شەقام مافەکانمان بەدەست دێت''.