کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژینگه‌پارێزان بە مەبەستی پێشگرتن لە تێکدانی كێوی‌ باڵوقایە له‌لایه‌ن ڕێژیمه‌وه‌، کۆ بوونەوە

16:38 - 9 بانەمەڕ 2723

ئەگەری وەگەڕخرانی کانگای بەرد لە کێوی مێژوویی باڵوقایە لە سەقز لەلایەن دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە کە مەترسییەکی گەورەی بۆ سەر ژینگە و ئاسەواری مێژوویی ئەو کێوە دروست دەکات، ناڕەزایەتیی خەڵک و چالاوانانی ژینگەیی لێ کەوتەوە و بەو مەبەستە لەو کێوە کۆ بوونەوە.

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٥ی بانەمەڕ، بەپێی ڕاگەیەندراوی پێشوو لەلایەن ئەنجومەنی ژینگەپارێزانی ژیانی سەوزی سەقز، خەڵکی ئاواییەکانی دەوروبەری باڵوقایە، بەشێکی زۆر لە شاخەوانان و کۆمەڵێک لە ڕێکخراوە مەدەنی و ژینگەپارێزییەکانی سەقز و دەوروبەر و کۆمەڵێک لە خەڵکی سەقز لە کێوی باڵوقایە کۆ بوونەوە و دژایەتیی خۆیان لەگەڵ ئەو هەوڵە تێکدەرانەی ڕێژیم ڕاگەیاند و لەسەر پاراستنی ژینگەی کوردستان پێداگرییان کردەوە.

ئەو کۆبوونەوەیە بە بەڕێوەبەرایەتیی ئەنجومەنی ژینگەپارێزانی ژیانی سەوزی سەقز، هەم بەبۆنەی ڕۆژی زەویی پاک و هەم بۆ شەرمەزارکردنی ئەو کارە قێزەونە، لە باڵوقایە بەڕێوە چوو و بەشداربووان وێڕای بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسم لەسەر گرینگیی کێوی باڵوقایە، لە ئاوایی ئەحمەدئاوای سەرا تا لووتکەی کێوی ''باڵوقایە''یان خاوێن کردەوە.

لە ڕێوڕەسمەکەدا بەشداربووان و ژینگەپارێزان بە گرتنە دەستی تراکت و پوستێر بە دروشمگەلی وەک ''نا بۆ کاولکاری'' و ''پاراستنی ژینگە پاراستنی ژیانە'' و ''ژینگەپارێزی = خۆشەویستیی نیشتمان'' و ''ڕۆژی زەویی پاک پیرۆز بێت'' و ''نا بۆ کاولکاریی ژینگە''، لەسەر پاراستنی کێوی باڵوقایە و ژینگەی کوردستان پێداگرییان کردەوە.

جێگەی ئاماژەیە کە پێشتر خەڵکی سەقز و گوندەکانی نزیک کێوی باڵوقایە و چالاکانی ژینگەیی، هۆشدارییان دابوو کە لە ئەگەری وڵامنەدانەوەی ناوەندە پێوەندیدارەکانی ڕێژیم و ئەگەری دەستپێکردنی دەرهێنانی بەرد لەو کێوە، بە جیدییەتەوە ڕووبەڕووی دامەزراوەکانی دەرهێنانی بەرد لەو کێوە دەبنەوە.