ناسر ساڵحیئەسڵ
ڕۆژهەڵاتی كوردستان، چ لە سەردەمی سیستمی پاشایەتی و چ لە سەردەمی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامیدا هەمیشە خاوەن بەرخۆدان و سەرهەڵدان، خەبات و تێكۆشان بۆ دابینكردنی مافی نەتەوایەتی، ئازادی و دێموكراسی بووە. خەبات و تیكۆشانی بەردەوام ئەگەرچی تا ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان نەگەیشتۆتە ئامانجەكانی بەڵام بە شاهیدیی مێژوو، ڕۆژهەڵاتی كوردستان هەمیشە لانكەی بەرخۆدان و شۆڕش و كوردایەتی بووە. هیچكات ڕۆڵەكانی ئەو گەلە، ئیزنی ئەوەیان نەداوە كە دوژمنانی ماف و ئازادیی كورد و كوردستان بە ئاسوودەیی سەر وە سەرینی مێژوو بكەن. هەر بۆیە بە كەڵكوەرگرتن لە هەموو شێوەكانی خەبات، داكۆكییان لە ماف و مانی نەتەوەی زوڵملێكراوی كورد لە كوردستانی ئێراندا كردووە. پاش ڕووخانی كۆماری كوردستان، خەباتی گەلی كورد لە كوردستانی ئێراندا بە شێوەی نهێنی درێژەی كێشا و لە ساڵانی ١٣٤٦-١٣٤٧ی هەتاویدا پاش ٢٠ ساڵ خەباتی نهێنی، خەباتی نەتەوایەتیی گەلی كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان بە ڕێبەریی چەند خوێندكار و كەسایەتیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بەشێوەی چەكداری دەركەوت و ورەیەكی نوێی بە خەباتگێڕان و ئازادیخوازانی نەتەوەی كورد دا. باسكردن و ئاوڕدانەوە لە خەباتی ڕزگاریخوازیی نیشتمانی و چەكدارانە، لە نێوان ساڵەكانی ١٣٤٦_٤٧ی هەتاوی لە كوردستانی ئێراندا كە لە مێژووی هاوچەرخی خەباتی ڕزگاریخوازیی نیشتمانی خەڵكی كورددا جێگە و پێگەی تایبەتی هەیە. چونكە ڕووداوێک و بڕگەیەكی مێژوویی درەوشاوە و گرینگە لە خەباتی پڕ لە شانازیی چەكداریی ڕۆڵە خەباتگێڕ و شۆڕشگێڕەكانی نەتەوەی كوردە بە دژی دەسەڵاتێكی سەرەڕۆ، لەخۆبایی و دیكتاتۆری لە ئێراندا بووە كە لەو سەردەمەدا حەمەڕەزا پەهلەوی بانگەوازی بۆ دوورگەی پڕ لە ئارامی لە ئێران دەكرد. راپەڕینو بەرخودانی ڕۆڵە خۆنەویستەكانی نەتەوەی كورد لەو ساڵانەدا، هەڵوێستێكی شۆڕشگێڕانە، لاپەڕەیەكی زێڕین لە خەباتی چەكداری بۆ مافی نەتەوایەتی و مێژوویەكی پڕ لە شانازی لە خەباتی حیزبی دێموكراتی كوردستانە ئێرانە. سمایل شەریفزادە، یەكێک لە ڕێبەرانی خەباتی پڕ لە شانازیی چەكداری ساڵەكانی ٤٦_٤٧ی كوردستانی ئێران بوو. سمایل شەریفزادە ئەو خوێندكارە بلیمەت و ئازادیخواز و شۆڕشگێرەی كورد بوو كە لە سەردەمی دەسەڵاتی دیكتاتۆریی حەمەڕەزاشادا بە وردبینی و هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ئەوكاتی ئێران و كوردستان و بە پەیوەستبوون بە ڕیزەكانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، خوێندنەوەیەكی تایبەتی لەو قۆناخەدا بۆ هەڵگیرسانەوەی خەباتی چەكداری هەبوو. كەڵكوەرگرتن لە پلان و گەڵاڵەی شەڕی پارتیزانی وەک دیاردەی هێزە چەپ و شۆڕشگێڕەكان دژی ڕێژیمە دیكتاتۆرەكان لە ئاستی نێونەتەوەییدا و سەركەوتنەكانی ئەو قۆناخەی خەباتە چەكدارییەكانی گەلانی ئازادیخواز و شۆڕشگێڕ لە ئامریكای لاتین و ئاسیا و ئافریقادا هەوێنی بیروڕای شۆڕشگێڕانەی سمایل شەریفزادە و هاوڕێیانی بوو كە لە زانستگای تاران چەكەرەی كردبوو. لەلایەكی دیكەوە پێشێلكردنی مافە نەتەوەیی و سیاسی و فەرهەنگی و مرۆییەكانی نەتەوەی كورد لە كوردستانی ئێراندا لەلایەن ڕێژیمی حەمەڕەزا پەهلەوی و هەنگاونانی ئەو ڕێژیمە بۆ زیاتر مێلیتاریزەكردنی كوردستان پاش ڕووخانی كۆماری كوردستان و گرتنەبەری سیاسەتی ڕاوەدوونان و گرتن و ئەشكەنجە و زیندانیكردنی ڕۆڵە ئازادیخواز و مافخوازەكانی نەتەوەی كورد، سمایل شەریفزادە و هاوبیرانی هێنایە سەر ئەو باوەڕە كە تەنیا ڕێگای دژ بە دەسەڵاتی سەرەڕۆ و لەخۆبایی حەمەڕەزاشای پەهلەوی خەباتی چەكدارییە. سمایل شەریفزادە لە نامەیەكدا بۆ ڕێبەری ناودار و هەمیشە زیندووی نەتەوەی كورد، دوكتور عبدولڕەحمان قاسملوو دەنووسێت: "ئەوڕۆ تۆفانێكی بەتەوژمی شۆڕشگێڕانە سەرانسەری وڵاتەكەمانی داگرتووە و كۆمەڵانی خەڵک هاتوونەتە سەر ئەو باوەڕە كە تەنیا ڕێگای ڕزگاری، دەستدانە چەك و وەشاخ كەوتنە، نەک هەر بۆ ئێمە بەڵكوو ڕێگای ڕزگاریی هەموو نەتەوەیەكی ژێردەستە و. . .". هەر بۆیە جووڵانەوەی چەكداریی ساڵەكانی ١٣٤٦_٤٧ی هەتاوی، سەرەتا و دەستپێكی خەباتی چەكداری و پارتیزانیی ڕێكخراوە سیاسییەكانی ئێران بە دژی دەسەڵاتی سەرەڕۆ و دیكتاتۆری حەمەڕەزاشای پەهلەوی لە ئێراندا بووە. بەڵام بەداخەوە لە ڕۆژی ١٢ی بانەمەڕی ١٣٤٧ی هەتاویدا سمایل شەریفزادە لەگەڵ چەند پێشمەرگە، لە گوندی دارینەی ناوچەی بانە، پاش شەڕێكی قارەمانانە لەگەڵ سێ هاوسەنگەری دیكەی بە هۆی جاش و ژاندارمەكانی ڕێژیمی حەمەڕەزاشا شەهید دەكرێن. كاریگەری و شوێندانەریی كەسایەتیی شەهید سمایل شەریفزادە بۆتە حەقیقەتێک و هیمایەک بۆ بزووتنەوەی خوێندكاری كورد، هەر بۆیە خوێندكارانی كورد شانازی بە ڕێگا و ڕێبازی خەباتەكەی دەكەن.
یەكیەتیی خوێندكارانی دێموكراتی كوردستانی ئێران، بە هەست بە بەرپرسایەتیكردن و بە ڕوانینی بۆ بزووتنەوەی پێكهاتەشكێنی خوێندكارانی كورد، شەهید سمایل شەریفزادەی وەک هێمای خوێندكاری كورد و ڕۆژی ١٢ی بانەمەڕی وەكوو ڕۆژی خوێندكاری كورد ناودێر كرد. لە ساڵڤەگەڕی شەهیدبوونی سمایل شەریفزادە و هاوڕێیانیدا، پەیمان نوێ دەكەینەوە تا سەركەوتن درێژەدەری ڕێگا و ڕێبازی شەهیدان بین. یادیان لە دڵماندا زیندووە و ڕێگای خەباتیان بەردەوامە.