کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتیوانیی ٥ سەندیکای کرێکاریی فەرانسە لە کرێکارانی ئێران

17:44 - 9 بانەمەڕ 2723

لە درێژەی مانگرتن و ناڕەزایەتی دەربڕینی کرێکاران لە ئێران، ٥ سەندیکای کرێکاری لە فەرانسە لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا سەرکوتی کرێکارانی ئێرانیان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە مەحکووم کرد و پشتیوانیی خۆیانیان لە کرێکارانی ئێران دەربڕی.

لەو بەیاننامەیەدا کە لە بەرەبەری ١ی مەی، ڕۆژی جیهانیی کرێکاردا بڵاو کراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە پێکهێنانی یەکیەتیی پیشەیی و ئەندامەتی لە ڕێکخراو و یەکیەتییە پیشەییەکانی نوێنەری کرێکاران، مافێکی ڕەوایە و یەکێک لە مافە نیونەتەوەییەکانە.

ئەو ٥ سەندیکا کرێکارییەی فەرانسە کە بریتین لە "کۆنفێدراسیۆنی دێموکراتیکی کاری فەرانسە، کۆنفێدراسیۆنی گشتیی کار، کۆنفێدراسیۆنی یەکگرتووی سەندیکایی، یەکیەتیی سەندیکایی هاوبەش و یەکیەتیی نەتەوەیی سەندیکا سەربەخۆکانی فەرانسە"، لە بەیاننامە هاوبەشەکەیاندا باسیان لەوە کرد کە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا و لە بەرەبەری ڕۆژی جیهانیی کرێکاردا لە ئێران بەشێکی زۆر لە مامۆستایان و چالاکانی کرێکاری لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران کە تاوانی ئەوان، تەنیا کار و چالاکیی سێنفی لە چوارچێوەی مافە نێونەتەوەییەکاندا بوو.

پشتیوانیی ئەو ٥ سەندیکا کرێکارییە لە کرێکارانی ئێران لە حاڵێکدایە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە ئێران، کرێکارانی زیاتر لە ١٠٠ بەشی پیشەیی و خزمەتگوزاری لە ٢٨ شاری ئێران بەهۆی پێنەدان و دواخستنی مووچە و حەقدەست، نەبوونی ئەمنییەتی کار و دۆخی نالەباری ژیان و کارەکانیان مانیان گرت و ناڕەزایەتییان دەربڕی کە لە بەرامبەریشدا کۆماری ئیسلامی بە توندترین شێوە ناڕەزایەتیی ئەوانی سەرکوت و بێدەنگ کرد و لایەنە پێوەندیدارەکانی کۆماری ئیسلامیش وڵامدەری ویست و داخوازەکانی کرێکاران نین.