کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی مانگرتنی کرێکاران لە ئێران

10:08 - 10 بانەمەڕ 2723

هاوکات لەگەڵ درێژەی مانگرتنی کرێکاران لە زیاتر لە ١٠٠ یەکەی پێشەیی لە ئێران، ٤ هەزار کرێکاری گرێبەست لە بەرەبەری ڕۆژی جیهانیی کرێکار، لەسەر کارەکانیان دەر کران.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئیلنا، سخاوەت ئەسەدی، بەرپرسی گشتیی ناوچەی تایبەتی پارس، لە کاردانەوە بە مانگرتنە کرێکارییەکان ڕایگەیاند: ڕۆژی پێنجشەممە هەزار کرێکارمان کردووەتە جێگرەوەی ئەو کرێکارانەی کە مانیان گرتبوو، هەروەها ڕۆژی شەممە ٩ی بانەمەڕ سێ هەزار کرێکاری دیکەمان کردووەتە جێگرەوەی ئەو کرێکارانەی کە مانیان گرتووە و لە کاتی دیاریکراودا نەگەڕاونەتەوە بۆ شوێنی کارەکانیان.

ناوبراو هەروەها وتیشی لە حەوتووی داهاتوودا بەرپرسانی گشتی، بەرپرسانی باڵای وەزارەتی کار و تەنانەت وەزیری کار دەچنە ناوچەی تایبەتی پارس، بۆ ئەوەیکە لە پارێزگاکانی دیکەوە کرێکار وەربگرن و بیکەنە جێگرەوەی ئەو کرێکارانەی کە مانیان گرتبوو.

هەزاران کرێکاری پرۆژەی پارس هاوڕێ لەگەڵ کرێکارانی پرۆژەی پیشەیی نەوت و گاز، پێترۆشیمی و پۆڵا لە چەندین پارێزگای ئێران ماوەی ٨ ڕۆژە دەستیان داوەتە مانگرتن، بەرپرسانی ڕێژیم بە جێگەی ئەوەیکە کێشەکانیان چارەسەر بکەن لە کارەکانیان دووریان دەخەنەوە.

هەرلەم پێوەندییەدا شۆرای ڕێکخەری ناڕەزایەتییەکانی کرێکارانی گرێبەستی کۆمپانیای نەوت لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: خاوەنکاران و بەرپرسانی کۆمپانیا نەوتییەکان، پێیان وایە بە هەڕەشە و بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست و هەروەها هەڕەشەکردن لە هاوپیشەکانمان دەتوانن کۆتایی بە خواست و ویستەکانی ئێمە بێنن و بە وەرگرتنی کرێکاری گرێبەستیی نوێ کۆتایی بە مانگرتن و ناڕەزایەتییە کرێکارییەکان بێنن.

ئەو شۆرایە لە کۆتاییدا ڕایگەیاند: مانگرتنی کرێکاریی هەزاران کەسیی ئێمە لەبەر پاوانخوازیی بەرپرسانی کۆمپانیا نەوتییەکان تێک ناشکێت و ئێمە لە مانگرتن و ناڕەزایەتی دەربڕین، بەردەوامین.