کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی پێشمەرگەیەکی پێشووی حیزبی دێموکرات لە شاری بانە

10:19 - 10 بانەمەڕ 2723

 کاک عومەر کەریمی، پێشمەرگەی پێشووی حیزبی دێموکرات، بەهۆی نەخۆشییەوە لە تەمەنی ٦٨ ساڵیدا لە شاری بانە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، پێشمەرگەیەکی پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ناوی کاک عومەر کەریمی، خەڵکی شاری بانە، بەهۆی نەخۆشییەوە لە تەمەنی ٦٨ ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد.

کاک عومەر ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی ببوو بە پێشمەرگەی حیزب و لە هێزی شەهیدانی وێردی سازمان درابوو. ناوبراو پێشمەرگەیەکی ئازا و خۆشەویست بوو و ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی بەهۆی کێشە و گرفتی بنەماڵەیی و لەسەر ئیزنی حیزب گەڕایەوە نێوخۆ.

کاک عومەر ئەو کاتەش کە گەڕایەوە نێوخۆی وڵات، وەکوو یەکێک لە دڵسۆزانی حیزب و گەل مایەوە و تا کاتی کۆچی دوایی، بەردەوام دڵە پڕ لە هیواکەی بۆ ئازادیی کوردستان لێی دەدا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی کۆچی دوایی کاک عومەر کەریمی، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان و سەرجەم خەڵکی کوردپەروەری شاری بانە دەکات وخۆی بە هاوخەمیان دەزانێت.