کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیاریکردنی ڕێپۆرتنێری تایبەت بۆ ئێران لەلایەن شۆرای یەکیەتیی ئورووپاوە

10:22 - 10 بانەمەڕ 2723

شۆرای یەکیەتیی ئورووپا، بە مەبەستی چاوەدێریکردن بەسەر پێشێلکارییە مافە مرۆییەکان لە ئێران، ڕێپۆرتنێری تایبەت بۆ ئێران دیاری دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی مافی مرۆڤی ئێران، شۆرای ئورووپا، ڕۆژی هەینی ٨ی بانەمەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، ڕێپۆرتنێرێکی تایبەتی بە ناوی "ماکس لۆکس" سەبارەت بە چاوەدێریکردن بەسەر پێشێلکارییە مافە مرۆییەکان لە ئێران، بۆ ئەو وڵاتە دیاری کردووە.

ماکس لۆکس، تەمەن ٢٦ ساڵ نوێنەری سەوزەکان لە مەجلیسی فیدراڵی ئاڵمانە کە لەلایەن شۆرای ئورووپاوە وەکوو ڕێپۆرتنێری تایبەت بە ئێران هەڵبژێردراوە.

شۆرای ئورووپا یەکێک لە ڕێکخراوە مێژوودارەکانی ئورووپایە کە ساڵی ١٩٤٩ی زایینی بە مەبەستی پەرەپێدان بە خەڵکسالاری، چاوەدێریی مافی مرۆڤ و سەروەریی یاسا دامەزراوە.

٤٧ وڵات کە ڕێژەی دانیشتووانیان ٨٢٠ میلیۆن کەسە، ئەندامی ئەو شۆرایەن.

ڕێکخراوە یاساییەکانی ئەو شۆرایە بریتین لە کۆمیتەی وەزیران پێکهاتوو لە وەزیرانی دەرەوەی ئەو وڵاتانە، کۆڕێکی پارلمانیی پێکهاتوو لە پارلمانی هەر وڵاتێک و کۆمیتەیەکی پێکهاتوو لە ٥ وەزیر و ٦ ئەندامی پارلمان و سکرتێری گشتی کە دەبێتە سکرتێری گشتیی ئەو شۆرایە.

بنکەی سەرەکیی شۆرای ئورووپا لە شاری ستراسبۆرگی فەرانسەدایە و زمانی فەرمیی ئەو شۆرایە فەرانسەوی و ئینگلیزییە.