کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکرانی ٤ کەسی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە کۆماری ئازەربایجان

09:51 - 15 خاکەلێوه 2723

بەرپرسانی دەوڵەتی ئازەربایجان، هەواڵی دەسبەسەرکرانی ٤ کەسی نزیک لە ڕێژیمی ئێرانیان کە ویستوویانە نوێنەرێکی پارلمانی ئەو وڵاتە تێرۆر بکەن، پشتڕاست کردەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، ڕۆژی دووشەممە ١٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی، وەزارەتی نێوخۆی کۆماری ئازەربایجان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە چوار کەسی تاوانبار بە تێرۆری ئەندام پارلمانێکی ئەو وڵاتە کە پێوەندییان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران هەبووە، دەسبەسەر کراون.

هاوکات ڕاگەیاندنەکانی ئازەربایجان بە بڵاوکردنەوەی وێنەی ئەو کەسانە ڕایانگەیاندووە کە ئەو کەسانە دەیان جار سەردانی ئێرانیان کردووە و وێنەیان لەگەڵ قاسم سولەیمانی هەیە، هەروەها بەردەوام لە ڕێوڕەسمەکانی ڕێژیمی ئێراندا بەشدار بوون.

فازڵ مستەفا، نوێنەری پارلمانی کۆماری ئازەربایجان، لە ساڵانی ڕابردوودا بەردەوام ڕەخنەی لە سیاسەت و دەستێوەردانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئازەربایجان گرتووە.

ناوبراو حەوتوویەک پێش کاتێک کە لە دووکانێکی نزیک ماڵەکەیان هاتووەتە دەرەوە، بە چەک هێرشیان کردووەتە سەری و دوو گوللـەی بەر کەوتووە.