کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەناوبردنی دارستانەکانی مەریوان بەردەوامە

11:57 - 12 خاکەلێوه 2723

لە درێژەی سیاسەتی لەناوبردنی ژینگەی کوردستان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، لە هەندێک لە ئاواییەکانی شاری مەریواندا دارستانە خۆڕسکەکانی ئەو ئاواییانە لەلایەن هەلپەرستانەوە دەبڕدرێنەوە و ئیدارە و ناوەندە پیوەندیدارەکانی کۆماری ئیسلامیش هەر لە درێژەی ئەو سیاسەتەدا لە بەرامبەر ئەو جینایەتانەدا بیدەنگن.

بەپێی ئەو هەواڵ و زانیارییانەی کە بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گەیشتووە، ماوەی چەند ڕۆژە کە لە هێندێک لە ئاواییەکانی شاری مەریوان وەکوو ئاواییەکانی: "نژمار، کاڵ، نێ، سەردۆش، گوێزەکوێرە، کەڵکەجان، پیرسەفا، یەنگیجە، دەرەوەران و شەڕگە"، دارستانە خۆڕسکەکان کە ڕۆڵێکی بەرچاویان لە زیندوومانەوەی ژینگە و سروشتدا هەیە، لەلایەن هەلپەرستانەوە دەبڕدرێنەوە و بازرگانییان پێوە دەکرێت.

لە بەرامبەر ئەم هەوڵە دژی ژینگەییانەشدا ئیدارەی ژینگە و لایەنە پێوەندیدارەکانی دیکەی دەسەڵات بێدەنگن و هیچ هەوڵێک بۆ پێشگرتن بەو کارە نەشیاوانە نادەن.

سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە ئەو کەسانەی دارستانەکان دەبڕنەوە، سەر بە دامودەزگاکانی ڕێژیمن و بەشێکیان لەگەڵیان پێوەندییان هەیە و بە مشاری برقی و لۆدر و تراکتۆر خەریکی لەناوبردنی ژینگەن.

هەروەها ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەکان لەو کات و ساتەدا هەم ئەرکی خۆی بەباشی بەڕێوە نابات و هەم تێکەڵ بە بەرتیل و گەندەڵیی ئیداری بوون.

دار و دەوەنی کوردستان وەک میراتێکی هەزاران ساڵەی سروشتی لە سەردەمی شارستانییەتدا خەریکە لەنێو دەچێت و کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش کە سیاسەتی چەندین ساڵەی، لەناوبردنی کوردستان و بە تایبەتی ژینگەکەی بووە، لێپرسینەوە لەو کەسانە ناکات. ئەوەی کە دەمێنیتەوە، خەڵکی نیشتماندۆست و ژینگەدۆستی کوردستانن کە دەبێ ڕێگە بەو جینایەتە نەدەن و پارێزگاری لە سروشتی نیشتمان بکەن.