کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم لە شاری بانە دەستی بەسەر موڵک و زەویی کۆمەڵێک لە دەستوپێوەندییەکانی خۆیدا گرتووە

12:22 - 15 خاکەلێوه 2723

کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕەحم بە هیچ کەس ناکات، تەنانەت کەسانێک وا بە درێژایی تەمەنیان خزمەتیان بە ڕێژیمی ئێران کردووە، لەلایەن خودی ڕێژیمەوە دەست بەسەر زەوی و موڵکەکانیاندا گیراوە.

بەپێی ڕاپۆرتێک کە لە شاری بانەوە بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات گەیشتووە، کۆماری ئیسلامی دەستی بەسەر زەوی و ماڵ و سامانی کەسانێکدا گرتووە کە لە دەستوپێوەندییەکانی ئەو ڕێژیمەن و خزمەتیکی زۆریشیان بەو ڕێژیم کردووە.

زانییارییەکان باس لەوە دەکەن کە هه‌ندێک له‌ مۆره‌ به‌دناوه‌كانی باندی سپای پاسداران و خامنەیی وه‌كوو ''ڕ.ت و ک چ'' لە شاری بانە به‌ پشتیوانیی سپا، ده‌ستیان به‌سه‌ر موڵكی كه‌سانی دیكه‌ی سه‌ر به‌ ڕێژیم ده‌گرن كه‌ له‌وان لاوازترن.

سەرچاوەکان ڕایانگەیاندووە، ئەو زەوییانەی کە دەستی بەسەردا گیراوە، زەویی کۆمەڵێک بنەماڵە بوون کە لەلایەن دادگای ڕێژیم لە سنە ئەو حوکمەیان بۆ دەر کراوە کە ئەو زەوییانە موڵکی دژبەرانی ڕێژیم بوون.

ئەوە لە حاڵێکدایە ئەو بنەماڵانە زۆربەیان لە کاروباری دەوڵەتیدا بوون و خزمەتی زۆریان بە ڕێژیم کردووە، وەکوو ''م''، خانەنشینکراوی هێزی ئینتزامیی ڕێژیم و ''ع . م'' پاسدار و لە دەستوپێوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی.