کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بودجەی ئاوەدانیی پارێزگای قوم، چوار جار زیاتر لەو بودجەیەیە کە بۆ پارێزگای سنە دیاری کراوە

12:39 - 15 خاکەلێوه 2723

عەلیڕەزا ئێعرافی، پێشنوێژی هەینیی شاری قوم ڕایگەیاندووە: "دەبێ بودجەی ساڵانە کە بۆ شاری قوم تەرخان دەکرێت، ١٠ تا ٢٠ هەزار میلیارد تمەن بێت، چونکە شاری قوم، بنکەی جیهادی ئیسلامی و ناوەندی ئایینیی ئێرانە و دەبێ پەرەی زیاتر بە ئاوەدانیی ئەم شارە بدرێت."

پێشنوێژی هەینیی شاری قوم لە کاتێکدا داوای بودجەی ١٠ تا ٢٠ هەزار میلیارد تمەنی بۆ ئاوەدانیی زیاتری شاری قوم دەکات کە ئەم شارە لە ڕووی حەشیمەت و پانتاییەوە لە زۆربەی شار و ناوچە پەراوێزخراوەکانی ئێران وەکوو کوردستان و بەلووچستان کەمتر و بچووکترە. تەنیا هۆکارێکیش کە بۆ داواکەی لەبەرچاو دەگرێت ئەوەیە کە دەڵێت شاری قوم ناوەندی ئایینیی ئێرانە و بەو هۆیەوە دەبێ پەرەی زیاتر بە ئاوەدانیی ئەو شارە بدرێت.

لە هەمان کاتدا لە ئێران، زۆر شار و ناوچە هەیە کە ڕێژیم لە بوارەکانی ئاوەدانی و پیشەسازی و گەشەپێدانەوە بەئەنقەست پەراوێزی خستووە و هیچ خزمەتێک بەو ناوچانە ناکات.

لە بەراوردێکی شاری قوم و پارێزگای سنە، دەبینین کە قوم یەکێک لە پارێزگاکانی ئێرانە و ٣ شار سەر بە ئەم پارێزگایەن کە پانتایی ئەم پارێزگایە بە گشتی ١١ هەزار و ٢٤٠ کیلۆمەتری چوارگۆشەیە و بەپێی دوایین ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ڕێژیم کە ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی بڵاوی کردووەتەوە، ڕێژەی دانیشتووانی ١ میلیۆن و ٢٩٢ هەزار کەس زیاتر نییە.

بەڵام پارێزگای سنە خاوەن ١٠ شارە و پانتایی ئەم پارێزگایە ٢٩ هەزار و ٣٤٩ کیلۆمەتری چوارگۆشەیە و ڕێژەی دانیشتووانی پارێزگای سنە زیاتر لە ١ میلیۆن و ٦٦٥ هەزار کەسە کە ئەمە تەنیا بەراوردێکی سادەیە و نیشان دەدات کە پارێزگای سنە هەم لە ڕووی پانتاییەوە گەورەتر و هەم لە ڕووی حەشیمەتەوە لە قوم دانیشتووانی زیاترە. بەڵام پێڕاگەیشتنی کۆماری ئیسلامی لە بوارە جۆراوجۆرەکانەوە بەتایبەتی لە بواری گەشە و ئاوەدانییەوە زۆر کەمتر لە شاری قومە.

ئەرسەلان ئەزهاری، بەرپرسی بەڕێوەبەری و پلاندانانی پارێزگای سنە سەبارەت بە بودجەی تەرخانکراوی کۆماری ئیسلامی بۆ ئاوەدانیی ئەم پارێزگایە ڕایگەیاندووە کە بودجەی ساڵی نوێ بۆ ئاوەدانیی پارێزگای سنە ٤ هەزار و ٧٠٠ میلیارد تمەن لەبەرچاو گیراوە. واتە، بودجەیەک کە بۆ ئاوەدانی و گەشەی پارێزگای قوم لەبەر چاو دەگیردرێت، چوار جار زیاتر لەو بودجەیەیە کە بۆ پارێزگای سنە دیاری کراوە.