لە درێژەی کار و چالاکییەکان بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە، ڕۆژی شەهیدانی کوردستان و ساڵڕۆژی شەهیدکرانی پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیانی، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات بە ئەنجامدانی چالاکیی تەبلیغی و سەردانکردنی گڵکۆی شەهیدان، لەگەڵ ڕێبازی پڕ لە سەرەوریی شەهیدان پەیمانیان نوێ کردەوە.
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو، ئەویندارانی ڕێبازی شەهیدان لە ئاوایی ''نییەر''، بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان، بۆ یادکردنەوەی شەهید شۆڕش و شەهید شاخەوان مینبەری کە هاوینی ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی لە شاخی کۆساڵان لە ناوچەی سەوڵاوا لە دەرگیری لەگەڵ هێزەکانی ڕێژیمی ئێران شەهید کران، سەردانی شوێنی شەهیدکرانی نابراوانیان کردووە و بە دانانی ئاڵای کوردستان و جامانە و هەروەها وێنەی ئەو شەهیدانە، یادی ئەو تێکۆشەرانەیان کردەوە.
هەروەها تێکۆشەرانی دێموکرات لە ناوچەی ژاوەرۆی سنە لە ئاوایی ''نەجێ'' بە نووسینی ''شەهید نامرێ و بژی حیزبی دێموکرات'' و لە ئاوایی ''سەرڕێز'' بە بڵاوکردنەوەی تراکتی تایبەت بە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان، یادی ١٠ی خاکەلێوەیان بەرز ڕاگرت.
بەوبۆنەوە لە شاری بۆکان، تێکۆشەرانی پڕ لە هەستی نیشتمان، سەردانی گڵکۆی شەهیدانی ڕاپەڕینیان کرد و بە دانانی وێنەی قازی محەممەد، لە بەرامبەر ڕۆحی پاکی شەهیدان سەری ڕێزیان دانەواند و پەیمانی وەفادارییان نوێ کردەوە.
هاوکات ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە مەهاباد بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە، سەردانی گڵکۆی فەرماندەری شەهید ''خدرە سوور''یان کرد و بە دانانی ئاڵای کوردستان و لۆگۆی حیزبی دێموکرات لەگەڵ ڕێبازی پیرۆز و پڕ لە سەروەریی شەهیدان پیمانیان نوێ کردەوە کە هەتا گەیشتن بە لووتکەی ئازادی دەست لە تێکۆشان هەڵنەگرن.
جێگە ئاماژەیە گەڵکۆی شەهید خدرە سوور لە ''برایم خەسار''ی بۆکان هاوینی ساڵی ١٤٠٠ نۆژەن کرابووەوە کە لەلایەن بەکرێگیراو و پاسدارەکانی کۆماری ئیسلامییەوە تێکشێندراوەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە لە چالاکییەکی دیکەدا لە ناو شاری مەهاباد، ئەندامانی حیزبی دێموکرات بە بەرزکردنەوە ئاڵای کوردستان یادی ١٠ی خاکەلێوەیان بەرز ڕاگرت.
هاوکات ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە ناوچەی شاروێران لە گوندی قەرشلاخ، لە ناوچەی مەحاڵ، لە گوندەکانی شیلاناوێ، سارەوانان، حەوتەوانان، لاچین، کۆنەدێ، وزندەرێ، عیساکەند و هەروەها لە نێو شاری مەهاباد لە گەڕەکەکانی ''ئاشی مام ئەحمەد، فەجری سەرێ و خوارێ، تەپەی قازی، دۆڵی کەروێشەکە و تەرمیناڵی کۆن'' یادی شەهیدانیان بەرز ڕاگرت و چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە برد.
هەر بەو بۆنەوە لە پیرانشار ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە گوندی ''شێلمجاڕان'' سەردانی گڵکۆی چەند شەهیدی سوورخەڵاتی کوردستانیان کرد و لەگەڵ ڕۆحی شەهیدان پەیمانیان نوێ کردەوە کە هەتا وەدیهاتنی ڕێبازی شەهیدان دەست لە خەبات هەڵنەگرن. هەروەها لە گوندی هەنگەوێ زێدی فەرماندەری شەهید حەمزە بێهنام، لەگەڵ شەهیدانی ڕێگەی ئازادی و ڕزگاریی کوردستان پەیمان نوێ کرایەوە.
لە چالاکییەکی دیکەدا، کچانی پیرانشار بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە، یادی شەهیدانی شۆڕشی ژینایان لەو شارە بەرز ڕاگرت و پەیمانی وەفادارییان نوێ کردەوە.
هەر بەو بۆنەوە ئەندامانی تێکۆشەری حیزبی دێموکرات لە شاری سونقوڕی کرماشان پوستێری تایبەت بە ١٠ی خاکێوەیان بڵاو کردەوە و وێڕای بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدان، بە داگیرکەرانی کوردستانی سەلماندەوە کە خوێنی شەهیدان بە فیڕۆ ناچێت و هەتا وەدیهاتنی ئامانجی شەهیدان، خەڵکی کوردستان دەست لە خەبات هەڵناگڕیت.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وێڕای دەسخۆشی و ماندوونەبوونی لە هەموو ئەندامان و لایەنگرانی لە نێوخۆی وڵات، هیوای ساغی و سڵامەتی و بەردەوامبوونیان لە ئەرکە نیشتمانی و حیزبیەکانیان بۆ بە ئاوات دەخوازێت.