عومەر باڵەکی
شەهیدکردنی ژینا ئەمینی بە دەستی پۆلیس ئەخلاقی تاران بوو بە هۆکاری سەرهەڵدانی ڕاپەرینێکی بەربەرین کە سەرانسەری ئێرانی گرتەوە. ئەو ڕاپەرینە بەچەشنێک بەربڵاو و هەمەچەشن بوو کە دەسەڵاتدارانی تارانی تووشی سەرسووڕمان کرد و بۆ ماوەیەک لە بەرانبەر شەپۆلی ناڕەزایەتییەکاندا تووشی سەرلێشواویی کردن. چونکە بە هیچ جۆر بە خەیاڵیاندا نەدەهات بەو هەمووە سەرکوت و زەبروزەنگەی دەرحەق بە گەلانی ئێران لە ماوەی ٤٣ ساڵی ڕابردوودا کردوویانە و لێی بەردەوامن، خەڵک بەو شێوە بەربەرینە و لە هەموو گۆشەوکەناری ئێراندا بەدژیان ڕاپەرن.
شەهیدکردنی ژینا ئەمینی و ناڕەزایەتییەکان تەنیا لە سنوورەکانی ئێراندا قەتیس نەماوەیەوە، بەڵکوو سنوورەکانی وڵاتی بڕی و توانی لە سەرانسەری جیهاندا پشتیوانی کۆڕوکۆمەڵە جیهانییەکان بۆ لای خۆی ڕابکێشێ و ناوی ژینا (مهسا) بە میلیۆنان جار لە بیروڕای کۆمەڵگەی جیهانیدا دووپات ببێتەوە. ئەوەش ترسێکی زۆری لای دەسەڵاتدارانی نیزامی کۆماری ئیسلامی پێک هێنابوو هەتا ئەو ڕادەیە کە تەنانەت بەشێک لە دەسەڵاتداران بەتەواوی ترسی ڕووخانی نیزامیان ڕێ نیشتبوو، هەربۆیەش بۆ مانەوەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئامادە بوون دەست بۆ هەر کردەوەیەکی دژەئینسانی ببەن و لەو ڕاستایەدا زۆر بێبەزەیانە کەوتنە سەرکوتی خەڵکی وەزاڵەهاتووی سەر شەقامەکان و هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی بە چەکی جۆراوجۆر بەگژ خەڵکدا هاتن و دەستیان تەنانەت لە منداڵانیش نەپاراست.
دوای نزیک بە چوار مانگ مانەوەی خەڵک لەسەر شەقامەکان و بەربەرەکانیی سەخت و دژوار لەبەرانبەر هێزە نیزامییەکان، بەهۆی سەرکوتی بێبەزیانە و ڕێکخراو نەبوونی خەڵک هەتا ڕادەیەک تای تەرازوو بە لای هێزە سەرکوتکەرەکانی نیزامی کۆماری ئیسلامیدا شکایەوە و هەر ئەوە بوو بە هەلێک کە دەزگا ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی دەست بکەن بە ڕەشبگیری خەڵکی ناڕازی، بەچەشنێک کە دەستیان لە هیچ چین و توێژیەک نەپاراست و بە هەزاران کەسیان لە ژن و پیاو،پیر و لاو دەستبەسەر کرد و لە زیندانەکان بە دڕندانەترین شێوە ئەزیەت و ئازایان دان بۆ ئەوەی دان بە تاوانی نەکردوو دابنێن. هەروەها بە شێوازی سەرەتای بە دەسەڵاتگەیشتنی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی دادگاکانی شۆڕشیان وەڕێ خستەوە و بەپەلەپەل تۆمەتی دوور لە ڕاستییان خستە پاڵ کۆمەڵێک دەستبەسەرکراو و حوکمی ئێعدامیان بەسەردا سەپاندن. داسەپاندنی حوکمی ئێعدام بە جۆرێک پەرەی گرت کە لە ماوەی تەنیا دوو مانگدا کۆمەڵگەی ئێران ڕۆژانە بە لانی کەمەوە گوێبیستی سەپاندنی حوکمی ئێعدام و بەڕێوەبردنی سێ حوکمی ئێعدام بووە. ئەو دژکردەوەیەی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ناڕەزایەتییەکان لە نێوخۆی ئێران و کۆمەڵگەی جیهانیدا چ لە بواری قانوونییە و چ لە بواری سیاسییەوە بە سەر نیزامی کۆماری ئیسلامیدا بەخراپ شکایەوە. چونکە بابەتەکە پێوەندی بە گیانی مرۆڤەکانەوە بوو، و لە بواری قانوونییەوە لای کۆمەڵگەی قانوونیی ئێران ئەو پرسیارانە لە ئارادا بوون: ئایا ماوەی زەمەنیی تەواو لە بەردەستی لێکۆڵەوەری قانوونیدا بووە بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەی وورد و هەمەلایەنە لەو پەروەندانە بکا؟ ئایا ڕێوشوێنی دادپەروەرانە لەگەڵ تۆمەتباران لە دادگادا ڕەچاو کراوە؟ ئایا تۆمەتباران دەستیان بە پارێزەر ڕاگەیشتووە؟ ئایا داسەپاندنی تۆمەتی "محاربە" و"افساد و فیالارض" کە لە سەر بنەمای ئەو تۆمەتگەلە حوکمێکی زۆر دەر کراوە دەتوانرێ بەسەر ئەو خەڵکە دەسبەسەرکراوە داببڕێ؟... هەموو ئەو پرسیارانە و دەیان پرسیاری دیکە هەم لەو ماوەیەدا و هەم لە ماوەی ٤٤ساڵەی دەسەڵاتدارەتیی کۆماری ئیسلامیدا بێوەڵام ماونەوە و هەر وەک ڕابردوو بەڕێوەبردنی ئێعدام لە نیزامی دادوەریی کۆماری ئیسلامیدا بۆتە بابەتێکی ئاسایی و بێباکانە گیانلێئەستاندنی مرۆڤەکان بەرگی قانوونیان دەبەر دەکرێ.
ئەو ئاساییبوونەی سەپاندنی حوکمی ئێعدام و جێبەجێکردنی ئەو سزایە لە کۆماری ئیسلامیدا لە سەردەمانێکدایە کە زۆربەی زۆری وڵاتانی جیهان سزای ئێعدامیان یا لە قانوونی سزاداندا سڕیوەتەوە، یان جێبەجێی ناکەن. چونکە زۆربەی زۆری ئەو وڵاتانە دوای پڕۆسەیەکی دوورودرێژ و بە ئاکامە گەیشتوون کە جێبەجێکردنی حوکمی ئێعدام پێوەندی بە گیانی مرۆڤەکانەوە هەیە و ئەگەری ئەوە زۆرە لە ڕەوتی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوێک زانیاریی هەڵە بە دەستی لێکۆڵەرانی دادوەری بگات و لەسەر بنەمای ئەو زانیارییە هەڵەیە کەسێکی بێتاوان گیانی لێ بستێندری. لە هەمان کاتدا ئەوە سەڵمێندراوە کە سزای ئێعدام نەیتوانیوە بەر بە تاوان بگرێت. لەم ڕووەوە لە سەردەمی ئێستادا لە ١٩٥ وڵاتی دنیا ١١١وڵات بەتەواوی حوکمی ئێعدامیان لە قانوونی سزادانی گشتیی خۆیان وەلا ناوە و ٧ وڵاتیش تەنیا لە بابەتی زۆر تایبەتیی وەک تاوانی سەردەمی شەڕ حوکمی ئێعدامیان هێشتۆتەوە، دەنا لە قانوونی سزادانیاندا نەماوە. ٢٤ وڵاتیش جێبەجێکردنی سزای ئێعدامیان هەڵپەساردووە کە بەپێی ئامارەکان لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا حوکمی ئێعدامیان تێدا بەڕێوە نەچووە. بەڵام ٥٣ وڵات ماون کە هەتا ئێستاش حوکمی ئێعدامیان تیدا بەڕێوە دەچێ کە لەنێو ئەو ٥٣ وڵاتەشدا بەشی زۆریان تاکوتوک لە بابەتی زۆر هەستیاردا سزای ئێعدامیان لەسەر تاوانباران جێبەجێ کردووە.
ئێرانی ژێر دەسەڵاتی نیزامی کۆماری ئیسلامی لە ڕیزی هەرە پێشەوەی ئەو ٥٣ وڵاتەدایە و دوای وڵاتی چین لە پلەی دووهەمی ڕیزبەندی ئەو وڵاتانەدایە کە سزای ئێعدامیان تێدا بەڕێوە دەچێت کە دیارە ئەگەر بەپێی حەشیمەت و ڕادەی ئێعدامەکان لە ساڵێکدا ئێران و چین پێکەوە بە بەری یەک بگیرێن، ئێرانی ژیر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە پلەی یەکەمی ڕیزبەندی ئەو وڵاتانەدا ڕادەوەستی کە حوکمی ئێعدامیان تێدا جێبەجێ دەکرێت. دوای ئەو ئەنجامە دەتوانین ئەو پرسیارە بکەین کە بۆ لە ئێراندا ئاوا بە بەربڵاوی حوکمی ئێعدام بەرێوە دەچێ؟
ئەو پرسیارە لە باشترین حاڵەتدا دەتوانی سێ وەڵامی هەبێ. یەکەم، لە قانوونی سزادانی ئیسلامیدا بازنەی ئەو تاوانانەی حوکمی ئێعدام دەیانگرێتەوە زۆر بەربڵاوە، هەربۆیە دادوەر بۆ دەرکردنی حوکمی ئێعدام لە زۆر بواردا دەستی ئاوەڵایە. دووهەم، دەتوانرێ ئەو خۆێندنەوەی لێ بکرێ کە ئێرانییەکان لە خەڵکی وڵاتانی دیکە زیاتر حەزیان لە تاوانە کە ئەوە بەپێی لێکۆڵێنەوەی ئاماری جیهانی بە تایبەتی لە تاوانی کوشتن کە سزاکەی ئێعدامە بەتەواوی ڕەد دەکاتەوە و نیشان دەدا کە خەڵکی ئێران زۆر کەمتر لە نێوەنجی جیهانی تاوان دەکەن. سێهەم، ئێعدام کەرەسەیەکی سەرکوتە بە دەستی دەسەڵاتدارانی تارانەوە، بە چەشنێک هەر کات بیانهەوەی دژبەر و جیابیران لە مەیدانی بەربەرەکانی دەر بکەن لە ڕێگای دامودەزگای بەناو دادەوە پەروەندەسازییان بۆ دەکەن و سزای ئێعدامیان بەسەردا دەسەپێنن. کاتێکیش ئەو هۆکارانە دەچنە پاڵ یەک، ڕێژەی سەپاندن و بەڕێوەچوونی حوکمی ئێعدام زیاد دەکات. ڕێژەی چوونەسەری سزای ئێعدامیش هەروەکی پێشتر گوترا تەنیاوتەنیا بۆ چاوترسێنکردنی گەڵانی ئێرانە و کەرەسەیەکە بۆ سەرکوتی جیابیران کە نیزامی سەرکوتکاری کۆماری ئیسلامی بەرگی قانوونی دەبەر کردووە.
لە ئێستاشدا هەروەک گوترا، ڕاپەرینی ژینا دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بۆ ماوەیەکی باش تاساند و کاتێک وەخۆ هاتنەوە، بێبەزییانە دەستیان بە سەرکوتی خەڵکی ناڕازیی سەر شەقامەکان کرد و لە هیچ جینایەتێک خۆیان نەپاراست. بە سەدان کەسیان لە سەرانسەری ئێراندا کوشت و بە هەزاران کەسیان بریندار و نقوستان کرد. دەیان هەزار کەسیان دەستبەسەر کرد سەدان کەس لەو دەستبەسەرکراوانە لە بێدادگاکانی ڕێژیمدا دوای بەڕواڵەت دادگاییکران حوکمی ئێعدامیان بە تاوان!ی "محاربە و افساد فیالارض" بەسەردا سەپێندرا. لە حاڵێکدا بەپێی دەقی قانوونە نامرۆڤانەکانی خودی ڕێژیمیش دەربڕینی ناڕەزایەتی لە دەسەڵات ناچێتە خانەی تاوانی "محاربە و افساد فیالارض"، چونکە، بەپێی نێوەرۆکی ئەو قانوونانە هیچ کام لە خەڵکی ناڕازی سەرشەقامەکان بە چەک هێرش و هەڕەشەیان لە کەس نەکردووە و لە هەمان کاتدا بە دوای بەلاڕێدابردنی کۆمەڵگەی خۆیانەوە نەبوون؛ واتە تەنانەت ئەو حوکمانە لە چوارچێوەی یاساکانی سزادانی ڕێژیمدا قانوونییش نەبوون!
دەسەڵاتدرانی کۆماری ئیسلامی و دەزگای دادی ئەو نیزامە بەپێی هەموو پێوەرە جیهانییەکان بەرپرسیاری هەموو ئەو گیانانەن بە هۆکاری سەپاندنی سزای ئێعدام ئەستاندوویانن، چونکە بەپێی زانستی دەروونناسی و تاوانناسی چەندە کەسێک یا کەسانێک لە ڕوودانی تاوانێکدا بەرپرسیارن، دەوڵەت و سیستمی سیاسیی وڵاتیش بەو ڕادەیە بەرپرسیارە. چونکە ئەوە حکوومەت و سیستمی سیاسیی وڵاتە کەشوهەوای کۆمەڵگە لە بوارەکانی سیاسیی، ئابووری، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی ڕێک دەخا. حکومەت و دەوڵەتی بەرپرسیار هەوڵ دەدا بە ڕەخساندنی هەموو بەستێنەکانی ژیان کە نیازی کۆمەڵگەیە پێش بە پەرەگرتنی تاوان بگرێ، چونکە بەو ڕادەیە کە تاوان لە کۆمەڵگەدا کەم بێتەوە بەو ڕادەیەش کۆمەڵگە بەرەوە ئەمنییەت و سەقامگیری و خۆشبژیوی هەنگاو دەنێ. بەڵام نیزامی کۆماری ئیسلامی نیزامێکی ئایدۆلۆژیک و داخراوە و هەموو بەرنامەکانی لە بواری سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە لەو چوارچیوە داخراوەدایە. بۆیە جێگا بە مرۆڤی ئازادیخواز و جیابیر لێژ دەکرێ.
لە جۆری سیستمە دەسەڵاتدارەتیی وەک کۆماری ئیسلامیدا هیچ کەس و لایەنێک لە بەرانبەر ویست و داخوازییەکانی کۆمەڵگەدا بەرپرسیار نییە و هەموو دامودەزگای دەسەڵاتدارییەتی تەنیا لەپێناو ڕاگرتن و لەسەرپێ مانەوەی نیزامدا خۆیان بە دەروەست دەزانن. بۆیە هەرکاتێک دەسەڵاتدارانی تاران گوێبیستی دەنگی ناڕەزایەتی خەڵک دەبن ترسیان ڕێ دەنیشێ و بەپەلە فتوای سەرکوتی خەڵک دەردەکەن و بەو فتوایە هێزە سەرکوتکارەکانی نیزامی کۆماری ئیسلامی دەکەونە خۆ و بەبێ تێفکرین و تەنیا بۆ ڕازیکردنی بەرپرسانی سەرەوەی خۆیان دەست دەکەن بە گرتن و کوشتنی خەڵک. بەڵام دەسەڵاتدارانی تاران دەبێ لەوە تێگەیشتبن وەک چۆن سەرکوتی بێبەزییانە و کوشتن و ئێعدام و گرتنی خەڵکی ناڕازی لە ماوەی ٤٤ ساڵی ڕابردوودا نەیتوانی کۆمەڵگەی ئازدیخوازی ئێران بەچۆک دابێنێ، بەڵکوو ڕۆژ بە ڕۆژ ڕیزی ئازادیخوازن و تێپەربوون لە نیزامی کۆماری ئیسلامی پتەوتر بووە و دەبێ؛ ئەو زەبروزەنگ و ئێعدامانەش دادیان نادەن.