کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حەقیقەتی "حەقیقی"یەکانی دێموکرات

00:03 - 16 خاکەلێوه 2723

برایم چووکەڵی

(ئەفسانەی گیانبازیی سەلیم حەقیقی و سێ کوڕەکەی)

هەر کاتێک بە مەبەستی ئاوڕدانەوە لە مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد دەست بۆ قەڵەم دەبەی، ڕەنگە یەکەم شت بیر لەوە بکەیتەوە کە خوڵقێنەرانی ئەم مێژووە پڕ هەوراز و نشێوە کێن کە جیاواز لە ناکامییەکانی، چیرۆکی وای تێدایە بۆ نەوەکانی داهاتوو کە بە چاوی خۆیان نەیاندیتبێ، بڵێن ئەمە ئەفسانەیە.

کاتێک بیری ئاڵۆز بە شەماڵ دەسپێری و دەچیتە ناخی ئەم دەورانە دەبینی کە خوڵقێنەرانی ئەم مێژوە پڕ لە شانازییە تەنیا کەسان ‌یا بنەماڵە گەلێکن کە هەرچی هەیانبووە بە گیان‌ و بە ماڵ و منداڵ پێشکەشی ڕێگای ڕزگاریی گەلەکەیان کردووە. هەربۆیە لەگەڵ ئەم بیرە تاڵ‌ و شیرینە دەیان بنەماڵەی سەربەرز و ناودار خۆیان دەخزێننە نێو خەیاڵەوە و قەڵەم لە ئاست گەورەیی و لە خۆبوردووییان دەرەقەتی نووسین‌ و بەسەرهاتیان نایەت.

بەلێ گەلی ئیمە باشترین ڕۆڵەکانی خۆی فیدای ڕزگاریی کوردستان کردووە و وڵات بە خوێنی پاکی شەهیدان خەملێوە. لەنێو ئەو گەلەئەستێرەیەشدا هەن کەسانێک لە چەشنی خۆرەتاو کە بەهۆی تایبەتمەندیی ئەو مێژووەی خوڵقاندوویانە، ناو و یادیان هەردەم لە دڵی هاورێ و هاوسەنگەر و درێژەدەری ڕێگای خەباتی ئەواندا دیار و هەرماوە. شەهید سەلیم حەقیقی، فەرماندەری لک لە هێزی شەهید نەحۆ کە لەم دەرفەتەدا یادی دەکەینەوە، یەکێک لەو کەسانەیە خۆی و کوڕەکانی لە هێزی نەحۆ لە شومالی کوردستان گیانیان کردە قوربانیی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان. بەڵێ، یادی ژیان و بەسەرهاتی باوکێک دەکەینەوە کە هەموو ژیان و گیانی خۆی و هەرسێک کوڕی شەهیدیشی، پێشکەشی خەڵکی کوردستان کرد.

شەهید سەلیم حەقیقی ساڵی ١٣١٥ی هەتاوی لە یەکێک لە گوندەکانی مەرگەوەر لە بنەماڵەیەکی دەستکورت و زەحمەتکێش لەدایک بوو. ئەو وەک زۆربەی منداڵانی هەژاری کوردستان بە فەقیری و نەداری گەورە بوو. سەلیم لەگەڵ سەختی و دژوارییەکانی ژیان رۆژ و شەوی تەمەنی لێک دووری. لە هەڕەتی لاوەتیدا ژیانی هاوبەشی پێک‌هێنا و دوای چەند ساڵان لە ئاوایی خۆیان هەڵقەندران و لە گوندی کێسیان گیرسانەوە. سەلیم لەو گوندەش خۆشەویستی دەروجیرانان بوو و لەنێو ئاواییدا بە جوامێری و مێرخاسی ناوبانگی دەرکردبوو.

شۆڕشی گەلانی ئێران و لەشکەرکێشیی کۆماری ئیسلامی بۆ کوردستان ڕەوڕەوی ژیانی سەلیم و بنەماڵەکەی گۆڕی. دوای ئەوەی حیزبی دیموکرات تێکۆشانی ئاشکرای خۆی ڕاگەیاند و ڕیزەکانی خۆی لە کوردستان ڕێك‌خستەوە، سەلیم وەک زۆر لە لاوانی کورد چەکی شەرەف و پارێزگاری لە ئاو و خاک‌ و نیشتمانی کردە شان ‌و بوو بە پێشمەرگەی دێموکرات. بەڵام ئەو بەتەنیا نەبوو، سێ کوڕیشی ڕێچکەی باوکە شۆڕشگێڕەکەیان گرت و بنەماڵەیی لە هێزی شەهید نەحۆی ئەوکاتدا دەستیان بە خەبات ‌و تیکۆشان کرد.

شەهید سەلیم و کوڕەکانی لە ماوەیەکی کورتدا بوونە خۆشەویستی هەموو هاوسەنگەرانیان‌ و ڕێز و حورمەتی زۆریان لە نێو خەڵکی ناوچەکەدا پەیدا کرد. شەهید سەلیم پێشمەرگەیەکی ئازا و ڕوح‌سووک بوو، و شانبەشانی کوڕە لاوەکانی لە زۆربەی شەڕەکانی ناوچەی مەرگەوەردا بەشدار بوو. سەلیم باوەڕێکی قووڵی بە بەرحەق‌بوونی خەباتی نەتەوەکەی‌ و حیزبەکەی هەبوو، و حازر بوو بۆ بەڕێوەبردنی ئەرک و بەرپرسایەتیی حیزب گیانی خۆیشی دابنێت، بەڵام حازر نەبوو تاق ساتێک سەر بۆ کۆماری ئیسلامی نەوی بکات.

 سەلیم لەبەر وریایی و زیرەکییەکی لە ڕادەبەدەر و ئەزموونی چەند ساڵەی لە خەباتی پێشمەرگانەدا لە ساڵی ١٣٥٩ بەرپرسیارەتیی دەستەیەک لە پێشمەرگەکانی هێزی نەحۆیان پێ سپارد. دڵسوزییەکەی بێ‌هاوتا بوو، بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکی حیزبی کاتی نەدەناسی و هەمیشە سەرلەپێناو بوو. هەر شوێنێک یا جیگایەک سەخت بوایە و هەر ئەرکێک قورس بەرچاو کەوتبا، سەلیم ئامادە بوو شانی وەبەر بدا و جێبەبەجێی بکات. هەر بۆیە پاش چەندین عەمەلیاتی سەرکەوتووانە لە ناوچەی ورمێ، وەک فەرماندەری لک دیاری کرا.

سەلیم وەک فەرماندەری لک لێهاتووییەکی زۆری پێشان دا. سەرکەوتن لە شەڕەکانی؛ نارێ ورەزگە و ڕاژان و دۆڵە پێسان ناو و ناوبانگی سەلیمی جاڕ دا. ئازایەتی و جوامێریی سەلیم ببوو بە باسی سەر زاروزمانی هاوڕێکانی و خەڵکی ناوچەکە. سەلیم جارێک لە شەڕدا بریندار بوو، بەڵام پاش ساڕێژبوونی برینەکانی بە بڕوا و ئیمانێکی قایمترەوە گەڕایەوە سەنگەری ئازادی.

سالی ٥٩ هێزێک لە پێشمەرگەکانی حیزب چوونە نێو شاری ورمێ. شەڕێکی خوێناویی قورس بۆ ماوەی سێ شەو و ڕۆژ لەنێوان هێزی پێشمەرگە و دژی‌گەکییەکان لە ئارادا بوو کە سەلیم فەرماندەهی بەشێکی ئەو شەڕەی دەکرد. بەڵام مخابن لەگەڵ ئەوە ئەم شەڕە تابلۆیەکی دی لە حەماسەخوڵقێنیی فەرماندە سەلیم حەقیقی بوو، بەڵام خوێنبایی سەرکەوتنی هێزی پێشمەرگە لەو شەڕە گیانی سەلیم و چەند هاوسەنگەری دیکەی بوو.

شەهید سەلیم گیانی پاکی بۆ ڕزگاریی خاک و نیشتمانەکەی دانا، بەڵام ئەوە کۆتایی چیرۆکەکە نەبوو. کوڕەکانی لە سەنگەری خەباتدا بەردەوام بوون و لە ساڵانی دواتریشدا

مخابن هەر سێ کوڕە پێشمەرگەکەشی خوێنی ئاڵیان بۆ سەربەستیی نیشتمان تکایە سەر خاکی کوردستان.

یادیان بەڕێز و سەنگەری خەباتیان ئاوەدان.