کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەتانیاهوو: ئەگەر پێش لە ناوکیبوونی ئێران نەگرین، هەموو جیهان بە بارمتە دەگرێت

11:07 - 16 خاکەلێوه 2723

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سەرەڕای ئاماژەدان بەوەیکە "ڕێژیمی ئێران دەیهەوێت ئەوان لەنێو ببات"، وتی: ئەگەر زلهێزە جیهانییەکان پێش لە دەسپێڕاگەیشتنی ئەو ڕێژیمە بە چەکی ناوکی نەگرن، ئەوە ئێران هەموو جیهان بە بارمتە دەگرێت.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی "تایمزی ئیسرائیل"، بێنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ڕۆژی سێشەممە ١٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی، لە ڕێوڕەسمێکی ئایینی لە ئیسرائیل وتی: ڕێژیمی ئێران بەردەوام هەوڵی داوە کە ئیسرائیل لەنێو ببات.

ناوبراو لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد: "ئەگەر پێش لە دەسپێڕاگەیشتنی ڕیژیمی ئێران بە چەکی ناوکی نەگرین، ئەو ڕێژیمە دیکتاتۆرە هەموو جیهان بە بارمتە دەگرێت."

هەرلەم پێوەندییەدا "ئیلی کووهێن"، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە دەیهەوێت لە سەردانێک بۆ کۆماری چێک، لەگەڵ سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە لەسەر هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل و جیهان وتووێژ بکەن.

شایانی باسە کە کۆماری چێک لە ئێستادا بەرپرسایەتیی دەورەیی شۆرای بڕیاردەریی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی لە ئەستۆیە و سەردانی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل بۆ ئەو وڵاتە لە چوارچێوەی سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێراندایە.