کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرش دڕۆنی کرایە سەر بنکەیەکی وەزارەتی بەرگریی ڕێژیمی ئێران

11:31 - 16 خاکەلێوه 2723

شەوی ڕابردوو بە دڕۆنێکی نەناسراو هێرش کرایە سەر بنکەی ئەمیرەلمۆئمێنینی وەزارەتی بەرگریی ڕێژیم لە شاری ئیسفەهان.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "تەسنیم" سەر بە سپای تێرۆریستی پاسداران، شەوی سێشەممە ڕێکەوتی ١٥ی خاکەلێوە، دڕۆنێكی نەناسراو هێرشی کردووەتە سەر بنکەی ئەمیرەلمۆئمێنینی وەزارەتی بەرگریی ڕێژیم لە شاری ئیسفەهان. "تەسنیم" ئیدیعای کردووە کە ئەو دڕۆنە لەلایەن پەدافەندی ئاسمانییەوە خراوەتە خوارەوە.

هەروەها ئەو هەواڵدەرییەی سەر بە ڕێژیم ئیدیعای کردووە کە لە ئاکامی خستنە خوارەوەی ئەو دڕۆنە، هیچ خەسارێک وەبەر ئەو بنکە نیزامییە نەکەوتووە.

هەتا ئێستا هیچ لایەن و وڵاتێک، بەرپرسایەتیی هێرشە دڕۆنییەکەی شەوی ڕابردوویان وەئەستۆ نەگرتووە.

لەلایەکی دیکەوە جێگری سیاسی، ئەمنییەتی و کۆمەڵایەتیی پارێزگاریی ڕێژیم لە ئیسفەهان هەواڵەکەی "تەسنیمـ"ـی ڕەت کردووەتەوە و ئیدیعای کردووە کە  شەوی ڕابردوو هیچ جۆرە ڕووداوێکی لەو شێوەیە لە ئیسفەهان ڕووی نەداوە.

جێگەی ئاماژەیە کە ڕێکەوتی ٨ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، بنکەیەکی تری وەزارەتی بەرگریی ڕێژیم لە شاری ئیسفەهان لەلایەن چەندین دڕۆنەوە کرابوونە ئامانج و خەسارێکی زۆریان بەو بنکەیە گەیاندبوو.

لەبارەی هێرشەکەی مانگی ڕێبەندانی پارەوە، "واڵ ستریت ژۆرناڵ" لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاییەوە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە ئەو هێرشە کاری ئیسرائیل بووە، بەڵام ئیسرائیل لەوبارەوە هیچ هەڵوێستێکی نەبوو.