کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی پێشمەرگەیەکی پێشووی حیزب لە ناوچەی سەردەشت

18:26 - 16 خاکەلێوه 2723

کاک ئازاد شێخی‌ڕاد خەڵکی گوندی بێورانی ناوچەی سەردەشت و پێشمەرگەی پیشووی حیزبی دێموکرات، ماڵاوایی لە ژیان کرد.

ڕۆژی سێشەممە ١٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی، کاک "ئازاد شێخی‌ڕاد" خەڵکی گوندی بێورانی خوارێ لە ناوچەی هۆملی سەردەشت بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

ناوبراو لە داوێنی بنەماڵەیەکی نیشتیمانپەروەر و دێموکراتپەروەردا چاوی بە ژیان هەڵێنا و پاش ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی و دەستپێکردنەوەی تێکۆشانی ئاشکرای حیزبەکەمان وەک زۆربەی ڕۆڵەکانی نیشتمان چەکی پیرۆزی پێشمەرگایەتیی لەشان کرد و وەک پێشمەرگەیەکی فیداکار و دڵسۆزی حیزب تا ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی، لە بەڕێوەبردنی ئەرکە حیزبییەکانی بەردەوام بوو و دواتر لەسەر ئیزنی حیزب گەڕایەوە نێوخۆی وڵات.

کاک ئازاد پێشمەرگەیەکی بەنەزم و دیسیپلین و خۆشەویستی خەڵکی ناوچە و هاوسەنگەرانی بوو. بنەماڵەکەشیان بۆ ماوەی چەند ساڵ دوای داگیرکردنەوەی ناوچەی سەردەشت لەلایەن سپای پاسدارانەوە، ئاوارەی ئۆردووگای ڕۆمادی لە باشووری عێراق بوون.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی کۆچی دوایی کاک "ئازاد شێخی‌ڕاد" سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان دەکات و خۆی بە هاوخەمیان دەزانێت.