کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی پێشمەرگەیەکی پێشووی حیزب لە ناوچەی بۆکان

21:11 - 16 خاکەلێوه 2723

عوسمان کەریمی، پێشمەرگەی پێشووی حیزبی دێموکرات لە ناوچەی بۆکان، بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

بەپێی ئەو هەواڵ و زانیارییانەی کە بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزب گەیشتووە، ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی، کاک "عوسمان کەریمی" پێشمەرگەی پێشووی حیزبی دێموکرات، بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

کاک عوسمان ساڵی ٥٨ی هەتاوی بەرگی پیرۆزی پێشمەرگایەتیی لەبەر کرد و تا ساڵی ١٣٥٩ی هەتاوی وەکوو پێشمەرگە ئەرکە حیزبییەکانی لە هێزی بەیان ڕاپەڕاند.

ناوبراو بەهۆی دەسکورتیی بنەماڵەکەی و لەسەر ئیزنی حیزب، گەڕایەوە نێوخۆی وڵات و کاروباری حیزبیی لە بەشی تەشکیلات بەڕێوە برد.

کاک عوسمان ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی لە میاندواو، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و لە دادگایەکی نادادپەروەرانەدا سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

کاک عوسمان، پاش تێپەڕینی ٧ ساڵ بەندکران لە بەندیخانە ئازاد کرا. ناوبراو کەسێکی جێگەی متمانە و باوەڕی ناوچەکە بوو و خەڵکی ئەو ناوچەیە ڕێزێکی زۆریان لێ دەگرت.

شایانی باسە کە برایەکی خوالێخۆشبوو بە ناوی "عەزیز کەریمی" ماوەی چەند ساڵ پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بووە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی کۆچی دوایی کاک "عوسمان"، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان دەکات و خۆی بە هاوخەمیان دەزانێت.