کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی باوکی شەهیدێکی کوردستان لە شاری سنە

21:16 - 16 خاکەلێوه 2723

مام محەممەد نیگەهدار، باوکی شەهید سورەیا نیگەهدار (ئاسۆ) لە شاری سنە کۆچی دوایی کرد.

بەپێی ئەو هەواڵ و زانیارییانەی کە بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات گەیشتووە، ڕۆژی دووشەممە ١٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی، مام محەممەد نیگەهدار باوکی شەهید سورەیا نیگەهدار ناسراو بە ئاسۆ، لە تەمەنی ٩١ ساڵیدا و لە شاری سنە کۆچی دوایی کرد.

مام محەممەد ساڵی ١٣١١ی هەتاوی لە بنەماڵەیەکی خۆشناو و نیشتمانپەروەری شاری سنە لەدایک بوو. لەگەڵ گەورەبوون و زیادبوونی تەمەنیدا، ئاشنا بە کوردایەتی بوو و لە بنەماڵەکەیاندا بیری نیشتمانپەروەری گەشەی کرد.

دواتر کچێکی مام محەممەد بە ناوی سورەیا نیگەهدار ناسراو بە ئاسۆ، بوو بە پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات و بۆ ئازادی و سەربەسەتیی کوردستان خەباتی کرد.

شەهید ئاسۆ ڕێکەوتی ٢٠ی سەرماوەزی ١٣٦٦ی هەتاوی، لە ناوچەی دۆڵەسووری باشووری کوردستان و بەکارەساتی دڵتەزێنی تەقینەوەی نارنجۆک، شەهید بوو.

مام محەممەد نیگەهدار دوای شەهیدبوونی کچەکەی، بیری نیشتمانپەروەری و ئازادیخوازی لە دڵیدا زیاتر بوو و هەموو کات وەک دڵسۆزێکی کورد و کوردستان لە خزمەت ئازادیخوازان و تێکۆشەرانی گەلەکەیدا بوو.