کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلدا لە سووریە بارێکی تراشەی ئەلیکترۆنیکیی کۆنترۆڵی مووشەک کرایە ئامانج

17:20 - 12 خاکەلێوه 2723

لە ماوەی  ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینیدا، ئیسرائیل دوو جار هێرشی ئاسمانیی کردە سەر خاکی سووریە و جاری یەکەم ڕایگەیاند کە بنکە و ناوەندە نیزامییەکانی بەشار ئەسەد ئامانجی هێرشەکەی بووە و جاری دووەم، بارێکی تراشەی ئەلیکترۆنیکیی کۆنترۆڵکردنی مووشەکی لەناو بردووە.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی هەینی ١١ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی، هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل هێرشێکی کردە سەر شاری دەمیشق و هەمووان پێیان وابوو کە ئەو هێرشە ڕاستەوخۆ کراوەتە سەر بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی لە سووریە و بەتایبەتی سپای پاسدارانی ئەو ڕێژیمە لەو وڵاتە.

هەروەها ڕۆژی پێشتر، واتە پێنجشەممە ١٠ی خاکەلێوە، ئیسرائیل هێرشێکی دیکەی ئاسمانیی لە سووریە ئەنجام دابوو. چاوەدێری مافی مرۆڤ لە سووریە لەو پێوەندییەدا ڕایگەیاند کە هێرشەکەی ڕۆژی پێنجشەممە بۆ سەر بنکە و ناوەندە نیزامییەکانی ڕێژیمی بەشار ئەسەد بووە و هێرشەکەی ڕۆژی هەینیش بە مەبەستی لەناوبردنی کاروانێکی هەڵگری باری تراشەی ئەلیکترۆنیکیی کۆنترۆڵکردنی مووشەکی بووە کە ئیسرائیل لە هێرشەکەیدا سەرکەوتوو بووە.

سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە ئیسرائیل زۆر نیگەران بووە لەوەی کە ئەو تراشە ئەلیکترۆنییانە بگەنە شوێنی مەبەست و هەر بۆیە لەناوی بردوون.

هەر لەو پێوەندییەدا و چەند کاتژمێر دوای هێرشەکە، سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە لە ئاکامی هێرشی ئیسرائیل بۆ دەوروبەری شاری دەمیشق لە سووریە، فەرماندەیەکی سپا بە ناوی "میلاد حەیدەری" کوژراوە.

هەواڵدەریی تەسنیمی سەر بە کۆماری ئیسلامیش لەوبارەوە ڕایگەیاند کە لە ئاکامی هێرشەکەی ئیسرائیلدا نیزامییەکی سەر بە کۆماری ئیسلامی کوژراوە.