کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەرەسەندنی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان لە شارەکانی ئێران

21:23 - 16 خاکەلێوه 2723

لە درێژەی کۆبوونەوە و ناڕەزایەتی دەربڕینی چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی ئێران، ئەمڕۆ چوارشەممە ١٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی، سێ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە شارەکانی مەشهەد، قائیمشار و ئەهواز بەڕێوە چوو.

هەر لە درێژەی ناڕەزایەتی دەربڕینەکاندا، ئەمڕۆ بەشێک لە پەرستاران و یاریدەرەکانیان لە نەخۆشخانەی ئیمام ڕەزای مەشهەد بەهۆی تێکردنی نادادپەروەرانەی پێشینەی کار و دۆخی خراپی خزمەتگوزاری بۆ پەرستارانی ئەو نەخۆشخانەیە، لە ساڵۆنەکانی ئەو نەخۆشخانەیە کۆ بوونەوە و ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕی.

هەروەها لە قائیمشار، کادرە دەرمانییەکانی نەخۆشخانەی ئەو شارە بەهۆی پێنەدانی مووچە، دۆخی خراپی خزمەتگوزاری و هەنگاوە نادروستەکانی وەزارەتی تەندروستی بەنیسبەت دەرمان و پێڕاگەیشتن و هەروەها پێشێلکردنی مافەکانیان، لە پێش بینای ئیدارەی پارێزگاریی ئەو شارە کۆبوونەوە و خوازیاری وڵامدانەوەی داواکانیان بوون.

لە شاری ئەهوازیش، بەشێکی بەرچاو لە خانەنشینکراوانی پیشە جۆراوجۆرەکانی ئەو شارە، بەهۆی پشتگوێخستن و پێڕانەگەیشتن و دابیننەکردنی مافەکانیان لەلایەن ئیدارەی دابینکردنی کۆمەڵایەتییەوە، لە پێش ئەو ئیدارەیەی ڕێژیم ناڕەزایەتییان دەربڕی.

جێگای ئاماژەیە کە ڕۆژی سێشەممەش ١٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی، پەرستارانی نەخۆشخانەی ڕووحانیی شاری بابولیش بەهۆی پێنەدان و کەمیی مووچە و سەختی و خراپیی دۆخی کارەکانیانەوە کۆ بوونەوە و لەو نەخۆشخانەیە ناڕەزایەتییان دەربڕی.