کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەواشەکردنی چەمکەکان: جێگۆڕکێی بەهاکان و دژەبەهاکان

23:00 - 16 خاکەلێوه 2723

د.کامران ئەمین‌ئاوە

یەکێک لە نموونەکانی کەلک‌وەرگرتنی ناڕەوا و بێ‌جێ لە بزووتنەوەی ژینا (ژن، ژیان، ئازادی) بریتییە لە مەیدانداری و تەراتێنی هێزەکانی لایەنگری ڕێژێمی کۆنەپەرستی پاشایەتی لە دەرەوەی ئێران. لەونێوەدا، کەناڵەکانی "ایران اینترناشنال" و "من و تو" وەک بنکەی پڕۆپاگەندەکردن بۆ بنەماڵەی پەهلەوی، ڕۆڵێکی یەکجار گرنگیان لەئەستۆ گرتووە. ئەو کەناڵانەی ڕاگەیاندن، هاودەنگ لەگەڵ لایەنگرانی ڕێژیمی پەهلەوی، بە پڕۆپاگەندە و نیشاندانی دنیایەکی جوان لە بەهەشتی بەڵێندراوی پاشایەتیخوازان، و هەروەها بە هۆی بەراوەژوونیشاندانی ڕابردووی ڕەش و پڕ لە ستەم و تاوانی بنەماڵەی پەهلەوی، خەریکن جێگەی بەها و دژەبەهاکان دەگۆڕن. لێرەدا، پێویست بە درێژدادڕی سەبارەت بە تاوان و جینایەتەکانی ڕێژیمی پەهلەوی ناکات، چونکە لە چەند دەیەی ڕابردوودا پشت‌ئەستوور بە بەڵگە و نیشانەکانی بەردەست، بە ڕادەی پێویست باسیان لێ کراوە. پێدەچێت کردار و ڕەفتارەکانی کۆماری ئیسلامی، وایان لە هێندێک کەس کردبێ قەناعەت بەو پەندە بەناوبانگە بێنن کە دەڵێت: "هەزار ڕەحمەت لە کفن‌دزی پێشوو"! چونکە بەرپرسانی کۆنەپەرست و ئازادیکوژی کۆماری ئیسلامی لەڕاستیدا دەستی شا و هێزە سەرکوتکەرەکانیان لەپشتەوەڕا بەستووە.

ئەویندارانی جەرگ‌برژاوی ڕێژیمی هەڵوەشاوەی پاشایەتی، وەخت‌‌ و بێوەخت لە میدیا و کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی خۆیاندا، شوێنەونکێ دەکەن و ڕاستییەکان چەواشە دەکەن. بە واتایەکی تر، هەوڵی بە تاوانبارکردنی میلیۆنان کەس لە خەڵکی ئازادیخوازی ئێران و بەتایبەتی هێزە چەپەکان و ئەو شۆڕشگێڕانە دەدەن کە بە هەڵگرتنی ئاڵای ئازادی و سەربەخۆیی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتیدا ڕۆڵێکی حاشاهەڵنەگریان لە خەبات لەدژی دەسەڵاتی پاشایەتیدا گێڕا و گیانی خۆیان لەو پێناوەدا خستە مەترسییەوە و هەزاران قوربانییان دا.

ئەوانەی هەوڵ دەدەن ڕواڵەتێکی جوان لە ڕێژیمی پاشایەتی پێشان بدەن، پێدەچێت هۆکاری سەرەکیی بە دەسەڵاتگەیشتنی هێزە ئایینییەکانیان لە ئێران لەبیر چووبێتەوە. هەروا بزانە دیکتاتۆریی تاکەکەسی، ئازادیکوژی و گرتن و بەندکردن و کوشتنی ئازادیخوازان و جیابیران بەشێکی جیانەکراوە و لێکدانەبڕاوی سیستەمی پەهلەوی نەبوون! هەروابزانە ئەو سەردەمە، سەردەمی خۆشبژێوی و گەشەی دێموکراسی بووە و ئەوە تەنیا تاقمێکی ئەمەگنەناس و پێنەزانن کە بە شیوەیەکی ناڕەوا، ڕێکخراوی ساواک بە ئەشکەنجەکردن، دژایەتیی ڕادەربڕین و شکاندنی پێنووسەکان تۆمەتبار دەکەن!

نابێ تەنانەت بۆ ساتێکیش ئەوە لەبیر کەین کە ڕێژیمی پەهلەوی لەبەر تایبەتمەندیی دژە چەپ‌بوونی لە هەموو تەمەنی خۆیدا، مەیدانی بە مەلا کۆنەپەرستەکان دەدا و بە شێوەیەکی بەرچاو پشتیوانیی لێ دەکردن. هەر ئەوەش وای کرد ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ژمارەی مزگەوت و تەکیە و خانەقا و فەقێ و مەندیل‌بەسەرەکان و پیاوانی مینبەر و میحراو زیاتر بن. بۆیە ئێستا دەبێ وەبیر لایەنگرانی پەهلەوی -کە ڕێژیمی خومەینی بە بەڵای گیانی ئێران دەناسێنن- بهێنینەوە هەروا کە چۆن داریووش هۆمایون، جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی ڕەستاخیز و وەزیری هەواڵگری و دنیاگەڕی و وتەبێژی دەوڵەت لە مانگی گەلاوێژ تا خەرمانانی ١٣٥٧، لە دیمانەیەکدا گوتبووی "ژمارەی مزگەوتەکان لە ئێران لە ماوەی فەرمانڕەوایی شای ئێراندا لە ٢٠٠ مزگەوتەوە گەیشتە ٥٥ هەزار مزگەوت"، ئەو مزگەوتانە لە لایەن حکوومەت و بەرپرسە جیاجیاکانی حکومەتەوە پاڵپشتی دەکران و ڕووکردن لە ئایین بە هاوکاری و یارمەتیی بێدرێخی حکوومەتی ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو پەرەی سەند. ئەدی، ترس لە کۆمۆنیزم و گەورەنیشاندانی "هەڕەشەی سوور" ڕێگەی بۆ سەرکوتکردنی هەرچی زیاتری کۆمۆنیستەکان و باقی شۆڕشگێڕان لە ئێران خۆش کرد و بە کردەوە هەلی بۆ بەدەسەڵات‌گەیشتنی ئاخوندەکان لە ئێران ڕەخساند.  

بێگومان لە ئەگەری هەبوونی دێموکراسی و کراوەیی سیاسیدا، زاڵبوونی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و سیستەمێکی ناکۆجێیی -تەنانەت لە چوارچێوەی سیستەمی پاشایەتیی مەرجداردا- ڕووداوەکانی ئێران دەیانتوانی بەرەو ئاقارێکی تر بڕۆن. کۆمەڵگەیەک کە هەرگیز دێموکراسی و پلۆرالیزمی سیاسیی ئەزموون نەکردبێت، لە کەوتنە تەڵەی هێزە کۆنەپەرستەکان پارێزراو نابێت؛ دیارە ئەمەش هەمان ئەو چارەنووسە بوو کە خەڵکی ئێران تووشی بوون. سەرەڕای هەموو ئەوانەش، وەک چۆن شکست‌هێنانی بزووتنەوەی مەشرووتەخوازی نەبووە هۆی کەمبوونەوەی گرنگی و کاریگەریی یەکلاکەرەوە و مێژوویی ئەو بزووتنەوەیە، شکست‌هێنانی شۆڕشی ڕێبەندانی ١٣٥٧یش نابێتە هۆی داشکانی شانوشەوکەتی شۆڕشی ئێران و ئاوات و هیواکانی شۆڕشگێڕانی ئەو سەردەمە کە خوازیاری ئازادی، دێموکراسی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و ڕزگاری لە ستەمی چینایەتی و نەتەوەیی بوون.

لەم قۆناغە زۆر هەستیارەی مێژوودا کە بزووتنەوەی ژینا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە سەری هەڵداوە و لە ماوەیەکی کورتدا هەموو ئێرانی گرتووەتەوە، زۆر گرنگە پەند و ئەزموون لە مێژوو و ڕووداوە مێژووییەکان وەربگرین، چونکە ئاشکرایە تاقیکردنەوەی تاقیکراوەکان هەڵەیە. هەر لەم پێوەندییەدا، بۆ تێپەڕینی کۆمەڵگە لەم قۆناغە میژوویی-کۆمەڵایەتییە، یەکڕیزی و یەکگرتوویی هێزە گۆڕانخواز و پێشەنگ و دادپەروەریخواز و دێموکراتەکانی ئێران بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی و جێگیرکردنی سیستەمێکی فێدرال و سکۆلار دەتوانێت ڕۆڵێکی بەرچاو بگێڕێت. بە لەبەرچاوگرتنی جیاوازی و جۆراوجۆریی تێگەیشتنەکان، ڕوانگەکان و چاوەڕوانییەکانی هێزە سیاسی، پیشەیی و مەدەنییە جۆراوجۆرەکان، پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی گشتگیر لە هەموو ڕەوتە سیاسی و مەدەنییەکانی ئێران لە چوارچێوەی مەنشوور یان بنەما و ئەجێندایەکی هاوبەشدا ئەستەمە. سەرەڕای ئەوەش، دەکرێت و پێویستیشە ئەو هێزانەی ئامانجی ستراتیژیکی هاوبەشیان هەیە لە دەوری هەندێک خواست و داخوازی سەرەکی و گرنگ کۆ ببنەوە و کۆتایی بە پرژوبڵاویی زیاندەر و خەسارهێنەری هێزە شۆرشگێڕەکان بهێنن. لەونێوەدا، پابەندبوون بە هەندێ خاڵی سەرەکی و بنچینەیی وەک فیدرالیزم، سێکۆلاریزم، پلۆرالیزمی سیاسی، دێموکراسی، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و فرەنەتەوەبوونی ئێران دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ لە نزیکبوونەوەی ئەوانەدا بگێڕێت کە خوازیاری بەدیهێنانی ئێرانێکی دێموکراتن. نابێ ئامانجی هێزە شۆڕشگێڕ و دێموکراسیخوازەکان لە چوارچێوەی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامیدا بەرتەسک بێتەوە. پێویستە ئەو هێزانە بیر لە ڕۆژانی پاش کۆماری ئیسلامییش بکەنەوە و بە پشتبەستن بە ڕوانگەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئاشکرا و ڕوون، لەسەر پلان و دروشمگەلێک کە ئاشتی و ئاسایشی هەمیشەیی و سەقامگیر دەستەبەر بکا، و ڕەنگدانەوەی بەرژوەندییە ماددی و مەعنەوییەکانی چین و توێژە کۆمەڵایەتییە جیاجیاکان و نەتەوەکانی نیشتەجێی ئێران بن،  ڕێک بکەون.

ئەوانەی کە هێشتا دەستیان بە دەسەڵات ڕانەگەیشتووە ، هەر لە ئێستاوە بە بیانووی "پاراستنی یەکپارچەیی ئێران" بە زمانی زبر و بە هەڕەشەکردن بەرەورووی جیابیران دەبنەوە و بەدوور لە هەرچەشنە نەرمینواندنێکی سیاسی، تاقەتی بیستنی ڕا و بۆچوونی جیاوازیان نییە، بێگومان بۆ هێزە کۆمارخواز و فیدرالیخواز و هەروەها نەتەوە بەشخوراو و بندەستەکانی ئێران ناتوانن هاوپەیمانێکی جێ متمانە و شیاوی پشت‌پێبەستن بن.