ڕەزا دانشجوو
کاتێک بۆ لێکدانەوە و هەڵسەنگاندن
دۆخێکی سەیر و ئاڵۆز بوو، باکوور و باشووری ئێران لەلایەن هێزەکانی ڕووسیە و بریتانیاوە داگیر کرابوو. حکومەتی ناوەندی لەجێدا هیچ کۆنتڕۆڵێکی بەسەر دۆخی وڵاتدا نەبوو، و نەیدەتوانی کاروباری وڵات بەڕێوە ببات؛ تەنانەت نەیدەوێرا بەرامبەر بە دەستێوەردانی هێزەکانی بیانی ناڕەزایەتی دەرببڕێت!
ئاڵۆزی و نائەمنی، هەژاری و برسێتی لە هەموو ئێراندا بڵاو ببۆوە. باشوور بەدەست ئینگلیزەکانەوە بوو و باکوور ژێر دەسەڵاتی ڕوسەکان. بۆ خەڵکی کوردستان کە هێشتا بیرەوەرییەکانی تاڵی جەنگی یەکەمی جیهانی و کوشتاری خەڵکی بێتاوانی تاقمێک لە شارەکانی کوردستانیان بە دەست ڕووسەکان لەیاد نەکردبوو، گەڕانەوەی ڕووسەکان بە مانای تاڵان و ڕاوورووت, سووکایەتی و دەستدرێژی, پشێوی و ئاڵۆزی بوو. ترسی دووبارەبوونەوەی ئەو تاوانانە و دەستێوەردانی بیانییەکان لەلایەک و هەندێک لە عەشیرەت و گرووپەکانی بێناسنامە بەهۆی لاوازیی حکوومەتی ناوەندییەوە لەلایەکی دیکەوە، لە هەموو شوێنێکدا بڵاو ببۆوە. لەم نێوەندەدا بەشێک لە گەنجانی کورد کە ساڵانێک بەهۆی ستەم و نادادپەروەری لە حکوومەتی ناوەندی بێئومێد بوون، خەریکی ڕێکخستنی بزووتنەوەیەکی نوێ بوون، بزووتنەوەیەک بۆ گەڕانەوە بۆ ئەو شوناسەی کە لە ساڵانی چەوساندنەوە و ناکارامەیی حکوومەتە بوکەڵەییەکانی پایتەختدا لێیان سەندرابوو.
"ژکاف" گرێیەکی سەرکوتکراو لە قوڕگی ئەو خەڵکەدا بوو کە بەهۆی جیاکارییەوە، ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان لە مەترسیدا دەدیت. ناسیۆنالیزمی کوردی بە ڕێزگرتن لە بیروباوەڕی ئایینی خەریکی پێناسەکردنەوەی شوناسی نەتەوەیی خۆی بوو. تاقمێک گەنجی دڵپاک دوای غوسڵ کردن سوێندیان بە قورئان خواردبوو کە بۆ ڕزگاریی نەتەوەیی زوڵملێکراویان تێبکۆشن. ئێستا ناسیۆنالیزمی کوردی ڕێکخراوێکی دیاری هەبوو و دەیتوانی یەکگرتووتر لە جاران درێژە بە چالاکییەکانی بدات. هەرچەندە هەندێک لایەن ئاماژە بە جیاوازی بۆچوونی تاکەکەسیی تاقمێک لە ئەندامانی "ژکاف" و هۆگرییان بۆ بزووتنەوەی چەپ دەکەن، بەڵام بێگومان شێوازی تێڕوانینی "ژکاف" بۆ پرسەکانی کۆمەڵگە و ڕووداوەکانی دواتر ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە بنەما و شێوەی بیرکردنەوەی "ژکاف" هەمان "ژیانەوەی کورد" بووە.
ڕووسەکان و ئینگلیزەکان خەریکی کێبڕکێن بۆ دەستبەسەرداگرتنی بەشێکی زیاتری ئێران. ئەوان دەیانهەوێت دەستی باڵایان هەبێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ حکوومەتی بوکەڵەی ناوەندی و ئیمتیازگەلی زیاتریان دەست بکەوێت. ڕووسەکان هەوڵەکانیان لە باکوورەوە دەست پێ کردووە. چاویان لە فراوانکردنی پێگەی خۆیان لە ئێراندایە. ئەوان نەوتی باکووریان دەویست. لە کوردستانیش هێزێکی سیاسیی پێگەیشتوو بە سەرۆکایەتیی پێشەوا قازی محەممەد هەبوو کە بەدوای دەرفەتێک بۆ پێکهێنانی کیانێکی کوردیدا دەگەڕا. "باقرۆف" دووجار میوانداری نێردراوەکانی کوردستانی کرد، هەردوو شاندەکە بە سەرۆکایەتیی قازی محەممەد ئەو ڕێگەیەیان بڕیبوو.
قازی محەممەد زۆر لەمێژ بوو خەونی بە ڕۆژێکەوە دەبینی کە بتوانێت کارێک بۆ گەلە بندەستەکەی بکات.
کاتێک بۆ سەرهەڵدان و بڕیاردان
بۆ دادوەری گەنجی چیرۆکی ئێمە، ئەمە دەرفەتێکی مێژوویی بوو، دەیتوانی کۆتایی بە چەندین ساڵ هەڵاواردن و ئازار لە وڵاتەکەیدا بهێنێت. دەیزانی بەبێ هاوکاری لەگەڵ ڕووسیە لەم کاتەدا، ڕەنگە یادەوەرییە تاڵەکانی جەنگی جیهانیی یەکەم بۆ گەلەکەی دووبارە ببنەوە. ئەمە سەرەتای خەونێک بوو، سەردەمێک بۆ ژیان و هەستانەوە. یەکەمین و گرنگترین کاری دادوەری گەنج پێکهێنانی پێکهاتەیەکی دیاریکراو بوو بۆ ڕێکخستنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد. لەم سەردەمەدا کە جێ پێی عەشیرەت و عەشیرەتگەرایی لە کوردستاندا لە هەموو شۆنێک دیار بوو، لە کاتێکدا سەرۆکە یاخیبووەکانی عەشیرەتەکان تەنیا لەبەر هەبوونی پارە و هێزی سەربازی بانگەشەی حوکمڕانییان دەکرد، حیزبی دیموکراتی کوردستان لەدایک بوو. ئەمە شاکاری پێشەوای گەنج بوو: کۆتاییهێنان بە بیرکردنەوەی خێڵ و عەشیرەتی و دەسپێکردنی قۆناغێکی تازە لە مێژووی کورد و کوردستان بە گشتی و ڕۆژهەڵات بەتایبەت.
بە دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەسەر بناغەکانی "ژکاف" ناسیۆنالیزمی کوردی چووە قۆناغێکی نوێی خەباتی شوناسخوازیی خۆیەوە.
ئێستا دوای ساڵیان هەموو شتێک ئامادە بوو بۆ بەدیهێنانی خەونی کورد، لاپەڕەیەکی نوێی خەبات بۆ گەیشتن بە ئاواتی لەمێژینە، ٢ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٢٤، لێرە، لە "گۆڕەپانی چوارچرا"، دڵی ناسیونالیزمی کورد، پێشەوای کورد لەنێو قەرەباڵغیی جەماوەری ئازادیخواز کە لە دوورو نزیکەوە هاتوون، لە وتارێکی کورتدا بە فەرمی کۆماری کوردستان ڕادەگەیەنێت.
کۆمارێک کە لەنێو دڵیدا ڕێزگرتن لە ڕای گشتی و مافی مرۆڤ و پێگەی ژنان لە هەموو شتێک زیاتر دەردەکەون. کۆماری کوردستان هیچ هاوبەشییەک و لێکچوونێکی لەگەڵ کۆمارە کۆمۆنیستییەکانی ڕووسەکاندا نییە، لێرە نە پۆلیسی نهێنی هەیە، نە هیچ شوێنەوارێک لە بێگانە. "ئارچی ڕۆزڤێڵت" جێگری سەربازگەی ئەمریکا لە تاران کە لە پاییزی ساڵی ١٣٢٥ سەردانی مەهابادی کردووە، سەرسوڕماو لە بارودۆخی کۆمار بە پێشەوا دەڵێت: "شێوەی حکوومەتی ئێوە تەواو جیاوازە لە سیستەمی کۆمۆنیستیی کۆماری ئازەربایجان."
لە کاتێکدا لە ژێر فشاری ڕووسەکاندا، بیروباوەڕی ئایینی لە کۆماری ئازەربایجان بەتەواوی لەژێر فشاردایە، دادوەری گەنج هەرگیز لە ژێر ئەو فشارانەدا گومانی لە بیروباوەڕی پتەوی خۆی نەبوو. ڕاپەڕاندنی ئەرکە ئایینییەکان لە سەردەمی کۆماردا لە ڕابردوو زۆر باشتر بوو.لە تەمەنی کورتی کۆماری کوردستاندا بچوکترین کاریگەری جێبەجێکردنی سیستمی کۆمۆنیستی نابینرێت، بۆ نموونە دەستوەردان لە موڵک و ماڵی تاکەکەسی یان قەدەغەکردنی چالاکیی ئایینی بە هیچ شێوەیەک لە ئارادانییە.
"ویلیام ئیگلتۆن" کە لە کتێبی "کۆماری کوردستان"دا چەندین جار ستایشی کەسایەتیی پێشەوای کردووە، لە شوێنێکدا دەنووسێت: "ڕاستییەکە ئەوەیە لە سایەی دادپەروەریی قازی موحەممەددا بوو کە حەق و بیرکردنەوەیەکی باش دەرکەوت".
کاتێک بۆ ماڵاوایی و مانەوە لەنێو دڵی خەڵکدا
چیرۆکی ناسیۆنالیزمی کوردی دیسان لە پێچێکی مێژووییدایە، بێگانەکان دیسان خەریکی مامەڵە لەگەڵ حکومەتی بوکەڵەیی ناوەندان، بۆنی خیانەت دێت، هەواڵێکی کورت دێت, ڕووسەکان لە مامەڵەیەکدا لەگەڵ ڕژێمی پەهلەوی کۆماری ئازەربایجانیان فرۆشت و "پیشەوەری" بۆ یەکیەتیی سۆڤییەت هەڵات. ئێستا هەموو فشارەکان لەسەر کۆماری کوردستان چڕ بوونەتەوە. "پیشەوەری" پێش هەڵاتنی، پێشنیاری پێشوەختە بە پێشەوا دەکات کە ئەویش گەلەکەی بەتەنها جێ بهێڵێت و پەنا بۆ باوەشی ڕووسەکان ببات! بەڵام کەسێک کە لای خۆی جگە لە میللەتەکەی هیچی تری نییە، چۆن دەتوانێت پەنا بۆ بێگانە ببات! هەموو کەس دەزانێت کە دۆستایەتییەکەی لەگەڵ ڕووسەکان بەپێی بارودۆخی ئاڵۆزی ناوچە و ژیان و هەڵکەوتن لەم جوغرافیا نەفرەتلێکراوەیە.
وەڵامی پێشەوا تەنیا یەک ڕستەیە: "لەناو گەلەکەمدا دەمێنمەوە". هێزەکانی ڕێژیمی بوکەڵەیی پەهلەوی بۆ سەرکوتکردن و کوشتن ڕوویان لە کوردستان کردووە. بەشێک لە سەرکردەکانی حیزب، کە ناتوانن لە دۆخەکە تێ بگەن و بیر لە ڕاکردن دەکەنەوە، بە پێشەوا دەڵێن ئەمە تەنیا ڕێگایە و هیچ ڕێگەیەکی تر نییە. بەڵام لای جەنابی پێشەوا هیچ شتێک گرنگ نییە جگە لە گەلەکەی، فەرماندە ڕێ لە ژێنەڕاڵەکانی و هیچ کەسێک ناگرێت، بەڵام خۆی بە گیانفیدای گەلەکەی دەزانێت و دەمێنێتەوە.
لە یەکەم ڕۆژەکانی مانگی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٢٥دا پاسێک کە هەندێک ئەفسەری سەربازیی هەڵگرتبوو لە تەورێزەوە بەرەو شاری مەهاباد وەڕێ کەوت، نێردراوانی ڕەشایی هەڵگری پەیامی مردن گەیشتنە قەسابخانە. هەموو شتێک پێشوەختە دیاری کراوە، دادگایەکی سەربازیی تەواو نمایشی و ساختە! پێشتر سزای لەسێدارەدان دەرچووە، ئەمە تەنها نمایش و خۆنواندنێکی گاڵتەجاڕییە بۆ پرۆسەی تەواوکردنی دۆسییەکە. داگیرکەران و تاریکپەرەستان دەزانن کە هیچیان نییە لەسەر وڵامە مەنتیقییەکانی پێشەوا. پێشەوا بە بێدەنگی دانیشتووە تا نۆرەی بەرگریکردن بگاتێ، ئیستا پێشەوا ئارامە، چونکی دەزانێت گەلەکەی سەلامەتە، ئەمە تاکە شتێکە کە لەم ڕۆژانەدا بیری لێ دەکاتەوە، خەڵک، خەڵک؛ ئەمانە گەورەترین سەروەت و سامانی ژیانی جەنابی سەرکردەن. پێشەوا سەرەتا دەسەڵاتی دادوەریی دادگا دەخاتە ژێر پرسیارەوە و دواتر دەڵێت: دەیتوانی زۆر سووک و ساکار کوردستان بەجێ بهێڵێت و هەڵبێت، بەڵام ماوەتەوە چونکە لە مردن ناترسێت و پێی باشترە لەلای میللەت و لە زێدی خۆیدا بمرێت. پێشەوا لە هەموو کاتێک پتەوتر و بە ئیرادەترە، بۆ مێژوو قسە دەکات نەک بۆ زیندوومانەوە!
"جیابوونەوە؟ لە هەلومەرجێکدا کە بیانییەکان لە هەموو شوێنێکی ئێراندا ئامادەن و هەرچییەکیان بوێت دەتوانن بڕیار بدەن، کام عەقڵی ساغ ئێمە بە جوداخوازی تۆمەتبار دەکات، لە کاتێکدا کە ئێمە تەنیا هەوڵی چەسپاندنی ئاسایش و پاراستنی گیانی خەڵک و سەروەت و سامان و شەرەف و ڕێگریکردن لە براکوژیمان داوە!"
قسە، لێکدانەوە و شیکردنەوەی لۆژیکیانەی پێشەوا هەر خەوتوویەک لە خەو هەڵدەستنێت، بەڵام لە دەسەڵاتی پەهلەویدا نە گوێیەک بو گوێگرتن هەیە، نە ئیرادەیەک بۆ تێگەیشتن.
دیسان "گۆڕەپانی چوارچرا"، بەرەبەیانی ڕۆژێکی ساردی بەهار، ساردتر لە هەموو ڕۆژەکانی زستان، وەک ئەوەی خۆر لە بەرفراوانیی ئاسمانی شیندا بەستبێتی. ڕاست لەم شوێنە کە پێشەوا کۆماری کوردستانی ڕاگەیاند، لە دڵی ناسیۆنالیزمی کوردی، ئێستا لە بێدەنگی و دڵەڕاوکێی شەقامەکانی شارێکی تاسەبار و خەمگین لە کاتێکدا بۆنی خوێن و تووڕەیی هەموو شاری پڕ کردووە، لە چوارچرای دڵان، بەجێی ئاڵای کوردستان، ئێستا جەستەی بێگیانی پێشەوا و هاوڕێیەکانی شەکانەوە. داگیرکەران بۆ بێدەنگکردنی دەنگی ئازادیی گەلی کورد، بۆ کۆتاییهێنان بە خەونی ڕزگاری، ڕاستی و هەڤاڵانی ڕاستیان لەسێدارە دا، چ بیرۆکەیەکی خام و چ تێنەگەیشتنێکی کاڵفامانە! نا، ئەمە کۆتایی خەونی کورد نییە، ئەمە سەرەتای واقیعێکە، سەرەتای زیندووبوونەوەیەک، سەرەتای ئاخێزی ڕۆژهەڵات، ڕۆژهەڵاتی هەمیشە زیندوو و بەئاگا.
شەو هەرچەند درێژ بێت و سەربازانی تاریکیی هەرچەند زۆر، دۆستایەتی خۆر و خۆرهەڵات بەردەوامە، خۆر هەتا هەمیشە لە خۆرهەڵاتەوە هەڵدێت.