ئەلبورز ڕوویینتەن
پێشەوای نەمر لە دوا ساتەکانی ژیانیدا لە وەسیەتە بەنرخەکەی بۆ گەلەکەی دەڵێ: "دڵنیا بن ئەگەر عەجەم هەنگوێنتان بداتێ، دیارە ژەهری تێ کردووە." عەجەم لە ئەدەبیاتی هاوچەرخی کوردستان و بەتایبەتی ناوچەی موکریان واتە حکومەتی ئێران و نەتەوەی فارسە. ئەو وتەیە کە لە دوایین ساتەکانی ژیانی پێشەوای زانا و نەمرمان وەک وەسیەت گوتراوە بەرهەمی لێکۆلینەوە و لێوردبونەوە لە مێژووی درێژی کوردە. نەوشــیروان مســتەفا لــە کتێبــی "کــورد و عەجــەم"دا، تێڕوانینــی شـــا و مێژوونووســـانی دەوڵەتـــی ســـەفەوی بەگشـــتی و عەجـــەم بەنیســـبەت کـــورد لەچەنـــد خاڵـــدا دەخاتـــە ڕوو و لەخاڵێکـــدا دەڵێـــت:"پەیمانشـــکێنی و بێبەڵێنـــی و پیلانـــی ناجوامێرانـــە بـــۆ لەنێوبردنـــی مەزنەکانـــی کـــورد بەشـــانازییەوە بـــە لطائـــف الحیـــل، تدبیراتـــی صائبـــە، کەمەنــدی تدبیـر، وسـائل و رسـائل، زیرەکـی و زۆرزانـی کاربەدەسـتانی خۆیـــان ئەژمێـــرن" نەوشیروان مستەفا لە کتێبەکەی خۆی ئاماژە بە دەیان نمونەی فریودانی ڕێبەرانی کورد دەکات، کە هەر یەکێکیان خەسارێکی گەورە بۆ دۆزی کورد هەژمار دەکرێن، ئەوەی بۆ هەموو لایەک ڕوون ئاشکرایە ئەو شێوازە هەڵسوکەوتە نەک لە دوای پێشەوای نەمر نەگوڕا بەڵکوو بە شێوەی زۆر دڕندانەتر بەردەوام بووە ق تیرۆری ڕێبەری گەورەی کورد دوکتور قاسملوو بە یەکێکی دیکە لە هەوڵانە دادەنرێت.
فێڵ و فریوی "عەجەم"ی دوژمن لە بە هێزیدا بە کوشتن و لە سێدارەدانی نیشتمانپەروەرانی کورد کۆتایی دێت، بەڵام لە لاوازیدا بە دانوستاندن و زمانی شیرین بۆ وەدواخستنی داواکانی کورد تا ئەوکاتەی خۆی بەهێز دەکاتەوە خۆی دەبینێتەوە.
لەم ڕۆژانەدا کە باسی هاوپەیمانی لە گەڵ هێز و لایەنە فارسەکان باسێکی گەرمی سیاسەتی کوردییە، بەتایبەت کە یەکێک لەو لایەنانەی لە هەوڵی پێکهێنانی هاوپەیمانییە، کوڕی شای پاشای کۆنە و تەنانەت هەمان کولتوور و تێڕوانینی شای قاتڵی پێشەوای نەمرە، چۆنیەتیی ئەو هاوپەیمانییە لەلایەن زۆر کەسەوە دەخرێتە بەر باس وهەر تاکە و لە ڕوانگەی خۆی شرۆڤەی بۆ دەکات. بەداخەوە باسەکانی ئەو ڕۆژە چەند ڕاستیمان بۆ دەردەخەن.
یەکەم تا ئێستاش بەشێكی کورد بە هیچ شێوەیەک ئەزموونی لە مێژووی خۆی وەرنەگرتووە، تەنانەت ئەو مێژووە خوێناوییە پڕ لە قوربانییە کە هەر نەتەوەیەکی دیکە با وانەی زۆر لێوەردەگرت بەڵام کورد بە جۆرێک لە پرسی لە گەڵ "عەجەم" دەجوڵێتەوە، وەک ئەوەی ڕابردوویەکی وامان نەبوبێت.
بۆ نەتەوەیەک کە هەڵەکانی مێژووی خۆی دوبارە بکاتەوە قەت بە ئامانج ناگات و نمونەی هەرە بەرچاویشی کورد خۆیەتی، بۆچی دەڵێم کە کورد وانەی لە مێژووی وەرنەگرتووە چونکە دەبینن "عەجەم" بە هەمان زمانی فریو و فێڵ ئامادە نین دان بە مافی کورد دابنێن و بەڵکوو بە پشگوێخستنی ئەو داویە ڕەوایانە لە هەوڵی بەهێزکردنی خۆیانن تا ڕۆژی خۆیان دێت، بەپێچەوانەی "عەجەم" کە ڕساڵەتی مێژووی خۆی واتە دژایەتی و داگیرکەری کوردی لەبیر نەکردووە بەشێکی کورد بەو پەڕی سافیەوە بە لە بیرکردنی مێژووی خۆی بەرەو هاوپەیمانی لە گەڵیدا دەچێت.
دووەم نەک لە مێژووی ڕابردووی خۆمان بەڵکوو لە ڕووداو و پێشهاتە سیاسیەکانی دەوروبەری خۆشمان وانە وەرناگرین، بۆ نمونە دەتوانین ئاماژە بە دۆخی باشور بکەین کە بە سەدان جار لە لایەن خۆمان جێگەی ڕەخنە بوون کە بۆچی لە بەرانبەر بەغدا یەکدەنگ نین، لەو ڕۆژانە لە نێوئاخنی باسی گەرمی هاوپەیمانی دەبینن ئەو پەرتەوازەیە لە ڕۆژهەڵات دەبیندرێت کە هەوڵی جیا جیا بۆ هاوپەیمانی لە گەڵ لایەنی جیاواز هەیە کە ئەوە نەک هیچ سودێک بە دۆزی کورد ناگەینێ بەڵکوو زیاتر لە کوردیش زیان بەو لایەنە دەگەینێ کە تاکڕەوی دەکات.
سێیەم هەروەک لە مێژوودا بووە و ئەمڕۆش هەوڵێکی ئەوتۆ لەلایەن عەجەم بۆ چارەسەر پرسی کورد نابیندرێ، نەک نابیندرێ بەڵکوو بە هەموو شێوەیەک هەوڵ دەدرێت کە دیسان وەک هەمیشە بە لۆژێکی سڕینەوەی کورد سیاسەتی خۆیان بەرەو پێش ببەن.
بە لە بەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییانە تەنیا پێکهێنانی هاوپەیمانی هونەر نییە بەڵکوو هەوڵدان بۆ چەسپاندنی داخوازە ڕەواکانی هەموو کورد لە هاوپەیمانیدا گرینگە، دانیشتن لە گەڵ "عەجەم" گرینگ نییە، بەڵکوو دەرکەوتن بە ڕەنگی کوردی بە هێماکانی کوردی و بە ناسنامەی خۆمان لە دانیشتنەکان گرینگە، لە کۆتاییشدا هەنگاوێک بەرەو یەکگرتووی کورد هەزار هەنگاو لە دۆزی ڕەوای کورد دەباتە پێش و هەنگاوێک بە پەرتەوازەی بەرەو "عەجەم" هەزار هەنگاو کورد بەرەو پاش دەبات.
لە هەمووشی گرینگتر کە وەک کوردێک خۆمان بە بەشێک لە قوتابیانی پێشەوا دەزانین و لە ڕێگەی ئەودا هەنگاو هەڵدەگرین پێویستە وەسیەتی ئەو بکەینە چرای ڕێگای خۆمان و فریوی دوژمن نەخۆێن، تەنیا بە فریو نەخواردن دەتوانین بە ئامانج بگەین، دوای ئەو مێژووە دورودرێژە لە ژێردەستەی "عەجەم" هەزار جار مردن لە گۆڕەپانی شەڕ باشتر و خۆشترە لەوەی بە ناوی "لطائـــف الحیـــل" زۆرزانی فێلمان لێبکەن.