چیا شنۆیی
ئەی ژن!
ئەزانی بووی بە خۆر
تازە هەوری ڕەش ناتوانێ لە باڵات بهاڵێ و بتکا بە داهۆڵ؟
ئەزانی
قژت بووە بە کۆتر و بەندی پەڕۆی دڕاند و
ئازاد و ڕەها
بە سەر باڵاخانە و منارەکاندا دەسووڕێتەوە و
دوور ئەفڕێ و
لەو پەڕی ئاسمان و ئەو دیوی سنوور
لە ژوو پاڕلەمانەکانی ئەورووپا دەنیشێ و
قژی هەموو پارلەمانتەرەکانی ژن
بە هەموو ڕەنگەکانیانەوە لە مل دەهاڵێنێ و
ئەبێ بە کۆڵکەزێڕینە و
شەقامەکان دەتەنێتەوە؟
ئەی ژن !
ئەزانی، دارەکانی کەنار شەقامیش
ڕووت و بێ گەڵا
لەگەڵ تاڵەموویەکانت دەلەرنەوە
کاتێ سەرت ڕووتە و
گۆرانیی ژن، ژیان، ئازادی ئەچڕێت؟
ئەی ژن !
ئەزانی، کاتێ بەرەو گۆڕستان ئەچێ و
چیرۆکی بێدەنگیی
سەر ڕووخساری شەهیدان ئەخوێنیتەوە
کیلەکان بەرزتر لە باڵات ئەویستن و
هەر بە پێوە سینگیان بۆت ئەکەن بە هێلانە؟
ئەی ژن !
ئەزانی کە سەرت ڕووت ئەکەی
زستانەبەفری مێزەری سپی دلۆپ دڵۆپ ئەتاوێتەوە
بەهارێک لە دەستەڵاتی ئازادی و
گوڵخونچە دەپشکوێ و
مێزەری ڕەشیش چیتر نابێ بە نەشتەری باهۆز و
داناوەرێتە نێو تاڵە موویەکانت
هەتا شەرعییەتی فەرمانی کفنکردنی قژەکانت بدەن؟
ئەی ژن!
سەرت ڕووت کە، با شەونمی قژت
چاوی مانگەشەو پڕ کا لە بۆنی مێهرەبانی
عەشق و خۆشەویستی
شۆخ و شەنگتر لە کەروێشکەی گەنم،
سەما بە قژەکانت بکا با
"با" تەنیا بە حەسرەت پێکەنینەوە
لە ژێر پێتا ئارام بگرێ و
گەردەلوول دەستەمۆ بێ
کە وەرزی بارانی قژ بەسەر چوو
کاتی ئازادییە و
ژن ژیانە، ژن ژیانە...