کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەش سیخوڕی دیکەی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتی ئازەربایجان دەسبەسەر کران

16:00 - 17 خاکەلێوه 2723

لە درێژەی گرژییەکانی نێوان کۆماری ئازەربایجان و ڕێژیمی ئێران، کۆماری ئازەربایجان ڕایگەیاند کە شەش سیخوڕی سەر بە ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێرانی دەسبەسەر کردووە، هەروەها ٤ ئەندامی باڵوێزخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لەو وڵاتە دەر کرد.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٧ی خاکەلێوە، وەزارەتی نێوخۆ و دەزگای ئەمنییەتی ئازەربایجان لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، ڕایانگەیاند کە شەش سیخوڕی ڕێژیمی ئێرانیان دەسبەسەر کردووە کە لە هەوڵی کودتای سەربازی و ئاڵۆزکردنی بارودۆخی ئازەربایجان بوون.

لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە ئەو کەسانە لەلایەن ناوەندە نهێنییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بەکار هێنراون هەتا لە ڕێگای کردەوەی توندوتیژانە و بشێویی چەکدارانە، دەوڵەتی ئازەربایجان بڕووخێنن و ''دەستەی بەرگری'' بە مەبەستی پێکهێنانی حکوومەتێکی ئایینی دامەزرێنن.

هەر لەو پێوەندییەدا، ڕۆژی دووشەممە ١٤ی خاکەلێوە، ٤ سیخوڕی دیکەی سەر بە ڕێژیمی ئێران بە تاوانی هەوڵدان بۆ تێرۆری فازڵ مستەفا، نوێنەری پارلمانی ئازەربایجان، دەسبەسەر کرابوون.

پەرەسەندنی پێوەندیی نێوان کۆماری ئازەربایجان لەگەڵ ئیسرائیل و کردنەوەی باڵوێزخانە لە ''تێل ئاڤیڤ''، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی تووشی نیگەرانی کردووە و نزیکبوونەوەی ئەو دوو وڵاتە بە هەڕەشەیەک بۆ سەر خۆی دەزانێت.

کۆماری ئازەربایجان دوابەدوای دەسبەسەرکردنی ئەو شەش سیخوڕە، ٤ ئەندامی باڵوێزخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لەو وڵاتە دەر کرد.

وەزارەتی دەرەوەی ئازەربایجان وتوویەتی کە عەباس موسەوی باڵوێزی ڕێژیمی ئێرانی بانگ کردووە و ناڕەزایەتی باکوی لە هەوڵە تێکدارانەکانی ئەم داوایانەی ئێرانی بە ناوبراو ڕاگەیاندووە.

ئەو وەزارەتخانەیە وتوویەتی کە بە باڵوێزی ڕێژیمی ئێرانی ڕاگەیاندووە کە ٤ کارمەندی باڵوێزخانەی ئێران لە باکو بەهۆی ''جیاوازی چالاکییەکانیان لەگەڵ ڕێسا دیپلۆماتیکەکان'' وەکوو پێکهاتەی نەشیاو دیاری کراون و ٤٨ کاتژمێریان کاتیان هەیە کە لەو وڵاتە بڕۆنە دەرەوە.