کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی مامۆستایان لە شارەکانی کوردستان و ئێران

16:20 - 17 خاکەلێوه 2723

لە درێژەی ناڕەزایەتیی مامۆستایان لە ئێران و کوردستان، کۆمەڵێک لە مامۆستایان لە بەردەم ئیدارەکانی پەروەردە و بارهێنانی چەندین شار کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٧ی خاکەلێوە، کۆمەڵێک لە مامۆستایان لە شارەکانی ''هەمەدان، کرماشان، مەلایەر، نەیشابوور، کەرەج، ڕۆبات کەریم و تاران'' لە بەردەم ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ئەو شارانە کۆ بوونەوە و داوای وڵامدانەوەی بەرپرسانی ڕێژیمیان کرد.

لەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییانەدا، مامۆستایان سەرەڕای داواکاری بۆ پێڕاگەیشتن بە شێوەی پلەبەندییەکان، ناڕەزایەتی لە دۆخی نالەباری بژێویی ژیان و بەدواداچوون بۆ موچەی دواکەوتووی خۆیان، داوای ئازادیی خێرا و بێمەرجی مامۆستایانی دەسبەسەرکراویان کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی کاناڵی سێنفیی مامۆستایانی ئێران، ژمارەیەک لە مامۆستایان لە بەردەم وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران.

جێگەی ئاماژەیە کە لە دوای ناڕەزایەتی و مانگرتنی مامۆستایان لە سەرانسەری ئێران، وەزیری پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم بە ناچاری دەستی لەکار کێشایەوە.