کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەرتەشی ئیسرائیل چەندین شوێنی لە باشووری لوبنان کردە ئامانج

09:38 - 18 خاکەلێوه 2723

بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ئیسرائیل لە تۆڵەی هێرشی ڕاکێتی بۆ سەر خاکی وڵاتەکەی، ناوچەکانی باشووری لوبنانی بۆمباران کرد.

بەربەیانی ئەمڕۆ هەینی ١٨ی خاکەلێوە، فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل لە تۆڵەی دەیان ڕاکێت کە لە باشووری لوبنانەوە ئاراستەی خاکی ئیسرائیل کرابوو، چەندین بنکەی گرووپی حەماسی لە نزیک ''سوور'' لە باشووری لوبنان کردە ئامانج.

ئەرتشی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە لەو هێرشانەدا چەندین بنکەی ڕێکخراوی حەماس لە باشووری لوبنان کراوەتە ئامانج و باسی لەوە کردووە کە ئەرتەشی ئیسرائیل ڕێگە بە حەماس نادات لە خاکی لوبنانەوە دژی ئیسرائیل عەمەلیات بکات و لەو بارەوە دەوڵەتی لوبنان بە بەرپرس دەزانێت.

هاوکات فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل، چەندین بنکەی گرووپە ئیسلامییەکانی لە ''غەزە'' کردە ئامانج.

ڕۆژی پێنجشەممە و کاتژمێرێک پێش ئەو هێرشانە، بێنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، وتی: دوژمنان وڵامی توندی هێرشەکانی خۆیان وەردەگرنەوە.

ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە لانیکەم ٣٤ مووشەک لە باشووری لوبنانەوە بەرەو خاکی ئەو وڵاتە هاویشتراوە کە ٢٥ دانەیان لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانیی گونبەدی ئاسنین تەقێندراونەتەوە و ٥ دانەیان بەر خاکی ئیسرائیل کەوتوون.