بە سەردانکردنی گەڵکۆی شەهیدان لە مەهاباد و چاندنی نەمام لە بۆکان، یادی شەهیدانی شۆڕشی ژینا بەرز ڕاگیرا.
ڕۆژی پێنجشەممە ١٧ی خاکەلێوە، بنەماڵە و کۆمەڵێک لاوی ئازادیخواز سەردانی گڵکۆی شەهید شۆڕش نیکنام، لە گۆڕستانی گوندی ''قەڵاجۆغە'' سەر بە شاری مەهابادیان کرد و لەگەڵ شەهیدانی ڕاپەڕینی ژینا پەیمانی وەفادارییان نوێ کردەوە.
شەهید شۆڕش نیکنام، خەڵکی گوندی "قەڵاجۆغە" سەر بە مەهاباد، ڕۆژی یەکشەممە ٦ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، لە ڕەوتی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکان لە شاری مەهاباد، بەهۆی تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران بریندار بوو و دواتر لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ورمێ، گیانی لەدەست دا.
هەروەها بۆ بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدانی ڕاپەڕین، کۆمەڵێک لە ژنانی بوێر لە شاری بۆکان، بە یادی ٢٢ شەهیدی ئەو شارە، ٢٢ نەمامیان لە چیای ''بەردە زەرد'' چاند.
ژنانی قارەمان لە بۆکان وێڕای پەیمان نوێکردنەوە لەگەڵ شەهیدانی ڕێگەی ئازادی و سەربەستیی کوردستان، دروشمی ''ژن ژیان ئازادی'' و ''شەهید نامرێـ''ـیان وتەوە و ڕایانگەیاند کە ئەو شۆڕشە سەردەکەوێت.