شەهرام سوبحانی
کۆماری ئیسلامی یەکێک لە حکوومەتە دیکتاتۆرەکانی مێژووی مرۆڤایەتییە کە هەتاهەتایە ناوی لە ڕیزی دڕندەترین حکوومەتە دژەمرۆییەکاندا دەمێنێتەوە. ڕێژیمێک کە هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکارییەوە، هەتا ئێستا دەستی بە خوێنی هەزاران ڕۆڵەی کورد سوور بووە. بۆ ڕاستی ئەم بابەتە دەتوانین ئاوڕێک لە ڕابردوو و کردەوەکانی ئەم نیزامە ملهوڕە بدەینەوە، ئەوکات بە جوانی دەردەکەوێ کە لە هەر ساڵ و مانگ و ڕۆژێکی تەمەنیدا دەیان تاوان و جینایەتی لە کارنامەی ڕەشی خۆیدا تۆمار کردووە. ئەگەر بمانهەوێ ئاوڕێک لە هەموو جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی بدەینەوە، دەبێ ڕوو لە بیرەوەریی بەندکراوانی سیاسی و شایەتحاڵان و ڕۆژنامەکانی ٤۰ ساڵی ڕابردوو بکەین تاکوو ڕووی ڕاستەقینەی ئەو دەسەڵاتە سامناک و بێبەزییە نیشان بدرێ، دەنا نووسینی چەند دێڕێک ناتوانێ ڕەنگدانەوەی ئەو هەموو جینایەت و کارەساتە بێت.
لێرەدا بە کورتی ئاماژە بە چەند نموونە لەو جینایەتانە دەکەین:
ـ لەسێدارەدانی چالاکانی سیاسی و مەدەنی؛
ـ ئەشکەنجەی نامرۆڤانە لە سیاچاڵەکانی کەهریزەک، فەشافوویە، ئێڤین و هتد؛
ـ گۆڕستانی خاوەران و لەسێدارەدانی سەدان زیندانیی سیاسی و عەقیدەتی لە ساڵەکانی ٦۰ تا ٦۷ و ئیعدامی بەهایی و جوولەکەکان و تێرۆری کەسایەتییە سیاسییەکانی کوردستان وەک: د.قاسملوو، د.شەرەفکەندی وهتد؛
ـ دروستکردنی دەیان تاقم و گروپی تێرۆریستی لە دەرەوەی وڵات وەک حەشدی شەعبی، حووسییەکان، حیزبۆڵڵا، سپای قودس، زەینەبیوون، فاتێمیوون وهتد کە ئاسایش و ئارامییان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بڕیوە.
تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی زۆرن، بەڵام ئەوەی بۆ ئێمە جێگای باسە جینایەتەکانی ئەو دەسەڵاتەیە لە کوردستان. بۆ نموونە دەتوانین ئاماژە بە تێرۆری سیستماتیک و شەهیدکردنی ئەندامان و ڕێبەرانی حیزبەکانی کوردستان بکەین کە بەداخەوە شەهید مووسا باباخانی تازەترین قوربانیی تێرۆری ئەو ڕێژیمەیە کە لە پیلانێکی دزیۆدا و لە شەوی ۱٤ی گەلاوێژی ۱٤۰۰ی هەتاویدا بەدەستی بەکرێگیراوێکی ڕێژیم و لە هۆتێلێکی هەولێری پێتەختی هەرێمی کوردستان تێرۆر کرا.
کوشتنی نامرۆڤانەی ژینا ئەمینی، تازەترین جینایەتی ئەو نیزامە ملهوڕە لە کوردستانە کە بە بیانووی ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ کرایە قوربانی و هەزاران کەسیان لەو شۆڕشە بەرینەدا تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان کرد. دەسبەسەرکردنی دەیان چالاکی سیاسی و مەدەنیی وەک زارا محەممەدی، تەنیا بە تاوانی وانەبێژیی زمانی دایکی بە منداڵانی کورد و هەروەها زەینەب جەلالیان کە چەندین ساڵە لە چاڵەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی دەسبەسەرە کە تەنانەت ئیزنی یەک ڕۆژ مەرەخەسیشی نەبووە؛ بەدرێژایی تەمەنی ڕێژیمی ئیسلامی لە ئێران، دەبینین کە بە دەیان ژن و پیاوی دیکە تەنیا بە هۆی کوردبوون و مافخوازی گیراون، ئەشکەنجە کراون و لە سێدارە دراون، کەسانی وەک فەرزاد کەمانگەر، حەیدەر قوربانی، مەحیەدین ئیبراهیمی، ڕامین حوسەین پەناهی، لوقمان و زانیار مورادی.
ـ بەتاڵانبردنی کانزا سەرزەوی و ژێرزەوییەکانی کوردستان و هاوکات لەنێوبردنی ژینگە و شەهیدکردنی ژینگە پارێزێکی وەک "شەریف باجوەر"و هاوڕێیانی؛
ـ کوشتنی ڕۆژانەی کۆڵبەرانی کورد لەسەر سنوورەکان؛
ـ ناردنی جەلادە بە ناوبانگەکانی وەکوو"سادق خاڵخاڵی و حەسەنی" بۆ کوردستان و کۆمەڵکوژیی خەڵکی شارەکانی کوردستان بەتایبەت لە سنە و پاوە و قاڕنێ و قەڵاتان و قڕکردنی خەڵکی بێ تاوانی کورد.
ڕێژیمی خومەینی دوای بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتی سیاسی و دزین و بەتاڵانبردنی بەرهەمی شۆڕشی گەلانی ئێران، نەیتوانی ململانێ لەگەڵ خەڵکی مافخوازی کوردستان بکا و دانی بە مافەکانی کورد دانەنا هەر بۆیە لە ئاکامدا وڵامی ئاشتیخوازیی کوردی بە شەڕێکی نابەرابەر دایەوە کە فتواکەی لە ڕێکەوتی ۲٨ـی گەلاوێژی ۱۳۵٨ـی هەتاوی، لەلایەن خومەینیی جەلاد و ژینکوژەوە دژ بە خەڵکی کوردستان درا. لەو شەڕە کە بە شەڕی سێ مانگە بە ناوبانگە، سەدان کەس لە خەڵکی بێ تاوانی کوردستان کوژران.
لە ڕاستیدا کۆماری ئیسلامی هەمیشە بە چاوێکی ئەمنییەتییەوە چاوی لە خاک و خەڵکی کوردستان کردووە و ویستوویەتی کوردستان بە هێزی ئاگر و ئاسن و پووتین بەڕێوە ببات و ئیدارەی بکات.
یەکێکی تر لە تاوانە مەزنەکانی کوماری ئیسلامی لە کوردستان، هێرشی مووشەکیی سپای تێرۆریستی پاسداران بوو بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات، هێرشێک کە لە ڕێکەوتی ۱۷ـی خەرمانانی ۱۳۹۷ـی هەتاویدا کرایە سەر بنکەکانی حیزب و بەداخەوە ۱۶ پێشمەرگە و کادر و ئەندامی ڕێبەریی حیزب شەهید بوون و ژمارەیەکی زۆر لە کادر و پێشمەرگە و ژن و منداڵی بێ تاوان بە سەختی بریندار بوون.
ڕێژیمی ئیسلامیی تاران پێی وابوو کە بەو هێرشە تێرۆریستییە دەتوانێ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستان لەنێو بەرێ، بەڵام بەپێچەوانەوە و هەر چوار ڕۆژ دوای ئەو هێرشە، خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ۲۱ـی خەرماناندا بە مانگرتنێکی جەماوەری لە شارەکانی کوردستان، بۆ جارێکی دیکە "نا"یەکی توندیان بە دەسەڵاتدارانی تاران گوتەوە و نیشانیان دا کە وەک جاران پشت و پەنای حیزبەکانی خۆیانن.
ئەوەی کە جێگای سەرنجە ئەوەیە کە هەر لە ۱۷ـی خەرمانان و هەمان ڕۆژی مووشەکبارانەکەدا سێ هاووڵاتی بە ناوەکانی زانیار و لوقمان مورادی و ڕامین حوسەین پەناهی لە سێدارە دران. هەر ئەو مانگرتنە گشتییە بوو کە سادق زیباکەلام کەسایەتیی باڵای ڕێژیمی هێنایە دەنگ و لە وتوێژکدا گوتی: ئەگەر بە چاوی خۆم نەمدیبایە قەت باوەڕم نەدەکرد کە هەموو خەڵکی کوردستان دوای ئەو هێرشە مانگرتنی گشتییان ڕاگەیاند و پشتیوانییان لە حیزبەکانی خۆیان کرد.
مانگرتنە پیرۆزکەی خەڵکی کوردستان، مەشرووعییەتی سیاسیی حیزبە کوردییەکانی بە ڕێژیم و بە دوست و دوژمنانی گەلەکەمان سەلماند و داری بێهیوایی لە دڵی ڕێژیمدا چەقاند. هاوکات ئەو ڕاستییەشی ئاشکرا کرد کە حیزبی دێموکرات و حیزبە کوردستانییەکان تەنیا لە دەرەوەی سنوورەکان نین، بەڵکوو لەنێو دڵی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندان.
لە کەس شاراوە نییە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران هۆکاری سەرەکیی ناسەقامگیری و نەهامەتییەکانی خەڵکی کوردستان و ئێرانە، و هەتا ئەو زێهنییەتە دەسەڵاتی سیاسیی ئێرانی بەدەستەوە بێ، کێشە و نەهامەتییەکان نە تەنیا کەم ناکرێتەوە، بگرە زیاتر پەرە دەستێنن.
پێویستە یەکیەتیی ئورووپا و زلهێزەکان ڕێگا لە کردەوە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی بگرن تا زیاتر ئەمنییەت و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست نەکەوێتە مەترسییەوە چونکە وەک ئەوەی لە سووریە و لوبنان عێراق و یەمەن بینیمان، ئەگەر بێت و پێش بەو سەرەڕۆییانەی کۆماری ئیسلامی نەگیرێت نە تەنیا بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەڵکوو مەترسییەکی گەورەیە بۆ هەموو جیهان بەتایبەت لە ئێستادا کە هەوڵی ڕێژیم بۆ بەرهەمهێنان و دەسپێڕاگەیشتنی بە چەکی ناوکی زیاتر بووە.
دەبینین کە ئەمڕۆ ڕێژیم لە گەڵ قەیرانێکی قووڵی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری بەرەوەڕووە و تەنیا ڕێگای ڕزگاربوونی خەڵکی ئێران بەگشتی و کورد بەتایبەتی، پێکهێنانی بەرەیەکی بەهێز و هاوبەش و یەکگرتووە تا هەموومان بە یەکەوە چارەنووسی سیاسیی وڵاتی خۆمان بەدەستەوە بگرین و بحەسینەوە.
ئەوەش ئەرکی نەتەوەیی و نیشتمانی هەر تاکێکی کوردە و لەسەرمان فەرز دەکا کە لە هەر شوێن و جێگایەک یا هەر پۆست و مەقامێکداین، پێشمەرگەئاسا و دڵسوزانە بۆ بە ئامانج گەیاندنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان تێبکۆشین.