کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرینگتر لە قۆناغی بنیات‌نانەوە

23:12 - 18 خاکەلێوه 2723

عەلی بداغی

دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا و لە چەند مانگی ڕابردوودا بەتایبەتی، پرسی هەرە گرینگی کۆڕوکۆبوونەوە سیاسی و مێدیاییەکان، چۆنیەتیی دروستکردنەوەی هەیکەلی نیزامی سیاسیی ئێران و چەندی‌وچۆنیی مافی جۆراوجۆرییەکانی ئەم وڵاتەیە. لەو نێوەدا حیزب و لایەنە سیاسییەکان هەرکام بەپێی پاشخانی خەباتی سیاسی، وزەی خەباتگێڕی، توانای مێدیایی و قسەڕۆیشتوویی و نفووزیان لەنێو کۆمەڵانی خەڵکدا هەوڵی چەسپاندن و تەنانەت سەپاندنی بیروبۆچوونەکانی خۆیان دەدەن. بەڵام باسێک کە لەو نێوەدا کەمتر قسەی لەسەر کراوە ئەوەیە، ئەدی کۆماری ئیسلامی چۆن دەڕووخێ و کێ دەبێ بیڕووخێنیت؟ هەروەها لە حاڵێکدا لەنێو پێکدژی ئایدۆلۆژی و مەرامە سیاسییەکان ساغبوونەوە لەسەر هاوپەیمانی و دانانی نەخشەڕێیەکان بۆ دروستکردنەوەی ئێران سەخت و دژوار دەنوێنێ و هەنگاوەکان لەو پێوەندییەدا خاو و بەشێنەیین، کەم کەس و لایەن خۆ لە باسی چۆن هێنانەخوارێی کۆماری ئیسلامی لە تەختی خونکاری دەدا؛ وەک بڵێی ئەم کارە گەلێک سووک و ئاسان بێت!

ئەوە کە لە بەردەوامیی ناڕەزایەتی و ڕاپەڕینی خەڵکدا حکوومەت کە تا ئێستا چەند جار لەهەمبەر گوشاری دەرەکی و وڵاتانی بیانیدا جامی ژاری خواردۆتەوە و نەرمشی قارەمانانەی! نواندووە، ئاخۆ لەپێناو پاراستنی لانیکەمی بەرژەوندییەکانی خۆیشیدا بووبێ خۆی بە دەستەوە دەدا و هەوڵ دەدا لەگەڵ هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بکەوێتە دانووستانەوە؟ یان لەبەرانبەر ویستی گۆڕانخوازانەی خەڵکدا ڕادەوەستێ و هەموو زەبروزەنگ و توندوتیژییەک دەنوێنێ و کوشتار دەکات؟ ئەمە فاکتەرێکی گرینگە لە گۆڕانکاری بنچینەیی لە دەسەڵاتدا، یان بە واتایەکی دی دیاریکردنی چۆنیەتیی قۆناغی گوزار و تێپەڕین لەو حکوومەتە. هەڵبەت وە نەبێت کە بابەتەکانی پێوەندیدار بە قۆناغی دوای تێپەڕین کەم‌بایەختر لە خودی چۆنیەتیی تێپەڕین بێت، چونکی هەر ئەو خەڵکەی ئێستا قۆڵیان لە ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی هەڵماڵیوە، ئەزموونی ڕووخاندنی نیزامی پاشایەتییان لەو وڵاتەدا هەیە و لە سەرەتای دەیەی پێنجەمی دەسەڵاتێکدا کە بەرهەمی ئەو گوزارەیە، لێ‌بڕاون تۆماری ئەویش تێکەوە پێچن. هۆکاریش ئەوەیە ئامانجە سەرەکییەکانی شۆڕشی خەڵک وەدی نەهاتوون و پڕۆسەی گوزار -لە نیزامی پاشایەتیی پەهلەوییەوە بۆ کۆماری ئیسلامی- پڕکەمایەسی و سەقەتی بووە.

بەو پێیە ئێستا هەنگاوە بنەڕەتییەکانی قۆناغی تێپەڕین چییە؟ بێگومان لەپێش هەموو شتێک کۆکردنەوەی هێزە دێموکراتیک و گۆڕانخوازەکانە لە نێوخۆ و دەرەوە وڵات بۆ گۆڕینی هاوسەنگیی هێز لەنێوان کۆماری ئیسلامی و بەرەی خەڵک. بەرەی خەڵک پێویستە بەرفراوان بکرێت و هەموو هێزە خەباتکار، شۆڕشگێڕ و دێموکراتەکان و ئەوانەی پیلان بۆ سەپاندنی هێژمۆنیی خۆیان ناگێڕن و بە خوێندنەوەی فاشیستی لە چەمکە دێموکراتیکەکان هەوڵ بۆ دەستبەسەرداگرتنی بەری ڕەنج و خەباتی خەڵکانی دی نادەن، بگرێتەوە. شۆڕشی ژینا ئەو دەرفەتەی دروست کردووە کە هێز و لایەنە سیاسییەکان و خەڵکانی ناوەندنشین و نەتەوە بندەستەکانی پەراوێزخراو لە دۆخێکی تایبەتدا لەگەڵ یەکتری بکەونە وتووێژ و بە ڕەواندنەوەی نیگەرانییە بەحەقەکانی یەکتری، لەسەر لانیکەمی داخوازی بەڵام هاوبەشەکانیان ڕێککەوتن بکەن. مەرجی سەرەکییش بۆ پایەداری و سەقامگیریی ئەو ڕێککەوتنە قبووڵکردنی واقعییەتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگە و تایبەتمەندییە فرەیی و جۆراوجۆرییەکانی نەتەوەیی و ئایینیی وڵاتە کە دەبێ وەک خۆیان و بە نیازپاکییەوە دانیان پێدا دابنرێ و مافەکانیان گەرەنتی بکرێن.

ئەوەندەی بۆ کوردستان و بزووتنەوەی سیاسیی کورد دەگەڕێتەوە، لەگەڵ ئەوەدا کە کورد لە ئێران لە یەک سەدەی ڕابردوودا پاشخانێکی دەوڵەمەند لە خەباتی بۆ مافە نەتەوایەتییەکانی و بەربەرەکانی دژی دەسەڵاتی ناوەندگەرا هەیە، بەڵام جووڵانەوەی کورد لە ئێستادا ئەرکەکانی خۆی هەر لە چوارچێوەی دەستەبەری مافە نەتەوایەتییەکانیدا قەتیس نەکردووە. بزووتنەوەی سیاسیی کورد لانیکەم لە چوار دەیەی ڕابردوودا لەگەڵ خەبات و تێکۆشانی بۆ بەدیهێنانی ماف و ئازادییەکانی گەلی کورد لە ئێران لە چوارچێوەی دەسەڵاتێکی خۆجێی لە فۆڕمی خودموختاری و دوایەش لە شێوەی فیدرالیزم لە چوارچێوەی ئێرانێکی دێموکراتیدا؛ هەوڵی داوە دەنگ و تریبوونی مافخوازی هەموو کەمایەتییە نەتەوەیی، ئایینی و ڕەگەزی و پەراوێزخراوەکانی دیکەی کۆمەڵگەی ئێران بێت. کوردستان هەروەها پاشخانێکی دەوڵەمەندی دیکەشی لە کاری ڕێکخراوەیی لە چوارچێوەی حیزبی سیاسی، خەباتی ژنان و ڕێکخراوی سینفی و مەدەنیدا هەیە. بۆیە قۆناغی دوای یەکخستنی ڕێزی هێز و وزەی شۆڕش و گۆڕانخوازەکان، گۆڕینەوە و ئاڵوگۆڕی ئەو جۆرە لە ئەزموونانە لەگەڵ یەکترییە کە بەرەی خەڵک لە تەواوەتیی خۆیدا بەهێزتر دەکات. بەڵام لە بەرەی ئەوبەریشدا ڕێژیم دەستەوەستان دانەنیشتووە و بە کایە سیاسییەکانی لەنێوان پێکدژیی بەرژەوەندیی وڵاتاندا کۆمەڵێک دەرفەتی بۆخۆی دروست کردووە.

بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکان لە نێوخۆ و کەڵەکەبوونی قەیرانەکان لە تەنیشت درێژەی گوشارە نێودەوڵەتییەکان ئەوکی ڕێژیمی وەها گوشیوە کە ناچار بووە بە پاشەکشە لەبەرانبەر ڕکەبەرە ناوچەییەکانی و سازان لەگەڵیان بیهەوێ -ئەگەر بۆ ماوەیەکیش بووبێت- دەروویەک بە ڕوویدا بکرێتەوە. بەڵام لە ڕاستیدا کێشە و قەیرانەکانی وڵات کە هەرخۆی نیزامی سیاسیی وڵات یەک لەوان و خوڵقێنەری هەمووشیانە لەجێی خۆیانن. کۆماری ئیسلامی پتر لە چوار دەیە دەرفەتی هەبوو بە پشتبەستن بە شەرعییەتی سەرەتای شۆڕش کە هەیبوو _جگە لە کوردستان- و بە دەکارکردنی سەرچاوە زۆر و زەوەندە ئابوورییەکانی وڵات ماف و ئازادییەکان و ئەمنییەت بۆ خەڵک دابین بکات. بەڵام ڕێژیم هەموو سەرچاوەکانی لە هێزی ئینسانی و سەرچاوە سروشتییەکانی وڵاتی خستە خزمەتی سیاسەتی شەڕانخێوی و ئاژاوەنانەوە لە ناوچە لە پێناو مەرامە ئیدۆلۆژییەکانیدا. سیاسەتێک کە ئەگەرچی نەیتوانیوە سەقامگیری بۆ ڕێژیم بەدیاری بێنێ، کەچی ئێستاش لەسەری بەردەوامە.

بۆیە ئەوەی لە ئێستادا گرینگ و بنەرەتی دەنوێنێ ئەوەیە: بە سەرنجدان بەوەی پێگەی کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات لە هەموو کاتێک لاوازترە، حیزب و لایەنە سیاسییەکان پێویستە دەرفەتی زیاتر بە ڕێژیم نەدەن. ئەوان لەسەریانە کەلێن و کەلەبەری ناکۆکییەکانی خۆیان لە بەرژەوەندیی شۆڕشدا پڕ بکەنەوە و بەوەش بەرەی خەڵک لەهەمبەر دەسەڵاتی ڕێژیمدا بەهێزتر بکەن.