کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سیمینارێک بەبۆنەی ٨٠ـەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

11:04 - 19 خاکەلێوه 2723

لە یەکێک لە بنکەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سیمینارێک بەبۆنەی ٨٠ـەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە بەشداریی بەشێک لە ئەندامانی ئەو ڕێکخراوەیە بەڕێوە چوو.

ڕۆژی هەینی ١٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی، یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سیمینارێکی بۆ "جەلال ڕەوانگەرد"، کادری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و سکرتێری پێشووی ڕێکخراوی لاوان لە یەکێک لە بنکەکانی حیزبی دێموکرات پێک هێنا.

سیمینارەکە بە ڕاگرتنی ساتێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان دەستی پێ کرد.

لە بەشی یەکەمی سیمینارەکەدا کە بۆ مێژووی یەکیەتیی لاوان تەرخان کرابوو، جەلال ڕەوانگەرد قۆناغەکانی چۆنیەتیی دامەزراندنی یەکیەتیی لاوان لە کۆماری کوردستانەوە و درێژەی کار و چالاکییەکانی ئەم ڕێکخراوەیەی بۆ بەشداربووان خستە بەر باس.

ناوبراو بە ئاماژەدان بە زەروورەتی بوونی ڕێکخراوێکی مۆدێڕن بۆ لاوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەر لە سەردەمی کۆماری کوردستانەوە تا ئەمڕۆ، باسی لەوە کرد کە یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە درێژایی تەمەنی خۆی، لە هەوڵی پەروەردە و گەشەپێدانی لاوانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە.

لە بڕگەیەکی دیکەی سیمینارەکەدا سکرتێری پێشووی یەکیەتیی لاوان باسێکی لەسەر مەبەست لە دامەزراندنی ڕێکخراو، شێوازی کاری ڕێکخراوەیی، ئامانجەکانی و شێوازی بەڕێوەبەریی ڕێکخراو و... کرد.  دواتر و لە بەشێکی دیکەی سیمینارەکەدا، جەلال ڕەوانگەرد تیشکی خستە سەر ڕۆڵ و کاریگەریی لاوان لە بەرەوپێشچوون و سەرکەوتنی شۆڕشی ژینادا و وتی: ''توێژی سەرەکیی شۆڕشەکە لاوان بوون. ئەوان بزوێنەری ئەم شۆڕشە گەورەیە بوون کە لە کوردستانەوە سەری هەڵدا و سەرانسەری ئێرانیشی گرتەوە. چالاکییەکانی لاوان لە هەموو توێژێکی دیکەی کۆمەڵگە زیاتر و بەرچاوتر بوو."

بەشی کۆتایی سیمینارەکە تەرخان کرابوو بە ڕێکخستنێکی نێوخۆیی یەکیەتیی لاوان بۆ ئەو بەشە لە ئەندامان و دوای تەواوبوونی ئەو بەشە، ڕەخنە و پێشنیاری بەشداربووان لەلایەن جەلال ڕەوانگەردەوە وڵام درانەوە.