کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی زاهیدان لە هەینییەکی دیکەدا خۆپیشاندانی بێدەنگیان بەڕێوە برد

11:26 - 19 خاکەلێوه 2723

خەڵکی بەلووچ لە زاهیدان بۆ دووەمین هەینی، بە شێوەی بێدەنگ دژی ڕێژیمی ئێران خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد و هەروەها لە گالیکش سەر بە پارێزگای گوڵستان وەکوو حەوتووەکانی پێشوو، خەڵکی ئەو شارە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

ڕۆژی هەینی ١٨ی خاکەلێوە، خەڵکی بەلووچ لە زاهیدان، بە شێوەی بێدەنگ دژی ڕێژیمی ئێران خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد. حەوتووی پێشوو ڕاگەیەندرابوو کە بەهۆی ڕەمەزانەوە، خەڵکی زاهیدان لە خۆپیشاندانی بەرفراوانی خۆیان دروشم نادەن.

ڕۆژی هەینی ئینتێرنێت لە شاری زاهیدان پچڕابوو و "نێت بلاکس"، ڕێکخراوی چاوەدێر بەسەر ئینتێرنێتی جیهانی، لە تویتێکدا پچڕانی ئینتێرنێتی لە زاهیدان پشتڕاست کردەوە.

جێگای ئاماژەیە، حەوتووی پێشوو ڕێکەوتی ١٠ی خاکەلێوە، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە گەڕەکەکانی زاهیدان، ماشین و ماتۆڕی خەڵکیان ڕادەگرت و دوای پشکنینیان، دەسبەسەریان دەکردن.

دوای هەینیی خوێناوی زاهیدان لە ڕێکەوتی ٨ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی، خەڵکی ئەو شارە و هێندێک لە شارەکانی دیکەی بەلووچستان، هەموو هەینییەک ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و داوای ڕووخانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەن.

هەروەها خەڵکی شاری گالیکش لە پارێزگای گوڵستان، ڕۆژی هەینی لە ناڕەزایەتی بە سەرکوتی مامۆستایانی سونەمەزهەب و بە دروشمدان، ڕژانەوە سەر شەقامەکان.

خۆپیشاندەران لەو خۆپیشاندانەدا چەندین دروشمیان لە پشتیوانی لە مەولانا گرگیج، پێشنوێژی ئازادشار وتەوە و بێزاریی خۆیان لە دەسەڵاتی ڕێژیمی ئێران دەربڕی.