کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەلاماردانی خانووی بنەماڵەی پێشمەرگەیەکی کوردستان لەلایەن دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمەوە

18:04 - 19 خاکەلێوه 2723

لە درێژەی گوشاری هێزەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر بنەماڵەی پێشمەرگەکانی کوردستان، شەوی ڕابردوو دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیم پەلاماری خانووی بنەماڵەی پێشمەرگەیەکی کوردستانیان لە گوندی قاسملوو سەر بە شاری ورمێ دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات، شەوی هەینی لەسەر شەممە ڕێکەوتی ١٩ی خاکەلێوە، کاتژمێر ٢ و ٣٠ خولەک، دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیم بە ماشینێک لە جۆری پێژۆ پارس لە گوندی قاسملوو سەر بە شاری ورمێ، تەقەیان لە خانووی کاک حەسەن مەراغەیی باوکی پەرویز مەراغەیی، پێشمەرگەی کوردستان کردووە.

لەو پەلامارەدا خانووی کاک حەسەن مەراغەیی دراوەتە بەر دەسڕێژی گولـلە.

کاک حەسەن لە گوندی قاسملوو سەرقاڵی کاروباری وەرزێڕییە و لەگەڵ هیچ کەس کێشەی نەبووە و نییە و ئەم کارە قێزەونە لەلایەن دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بە مەبەستی گوشارهێنان بۆ سەر بنەماڵەی پەرویز مەراغەیی، پێشمەرگەی کوردستان ئەنجام دراوە.

ڕێژیمی ئێران بە هەڕەشە و تۆقان و داوای باجکردن لە بنەماڵەی پێشمەرگەکان، دەیەوێت شەڕی دەروونی بۆ پێشمەرگەکانی کوردستان و بنەماڵەکانیان دروست بکات، بەڵام قەت نەیتوانیوە ورەی پێشمەرگە و بنەماڵەکانیان بەو کارانە دابەزێنێت.