کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی هەوڵە شەڕەنگێزانەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا

14:32 - 20 خاکەلێوه 2723

ڕێژیمی ئێران لە تۆڵەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بنکەکانی لە سووریە و گەیاندنی زیانی ماڵی و گیانی بە ڕێژیم، لە هەوڵی ئەوەدایە کە هێرش بکاتە سەر کەشتییە بازرگانییەکانی ئیسرائیل.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی ''نیۆیۆرک تایمز''، هێزەکانی هەوا و فەزای سپای پاسداران بە شێوەی جیددی لە هەوڵی ئەوەدان کە لە ئاوەکانی کەنداو و دەریای عەرەب هێرشی دڕۆنی بکەنە سەر کەشتییە بازرگانییەکانی ئیسرائیل.

هەر لەو ڕاستایەدا، ڕێژیمی ئێران لە ٢١ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، کەشتییەکی سەر بە بازرگانێکی ئیسرائیلیی لە ئاوەکانی کەنداو کردبووە ئامانجی هێرشی خۆی.

ڕێژیمی ئێران بەردەوام و دوای شکستە یەک لە دوای یەکەکانی لە بوارەکانی نیزامی و دیپلۆماسی، هەوڵی داوە هەڕەشە و عەمەلیاتی نیزامی لە ئاوە ئازادەکان لە کەنداو و گەرووی هۆرمۆز ئەنجام بدات و لەو ڕاستایەدا چەندین جار هێرشی کردووەتە سەر کەشتییە بازرگانییەکان.

هاوکات لەگەل هەڕەشەکانی ڕێژیم، هێزی دەریایی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە ژێردەریاییەکی ناوکی کە هەڵگری مووشەکی ڕێنەماییکەرە، بۆ بەهێزکردنی ناوگانی پێنجەمی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ئاوەکانی کەنداو جێگیر کراوە.