کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە سەقز هێرشی کیمیایی بەربڵاو کرایە سەر چەند قوتابخانەی کچانە و خەڵکی تووڕە ڕژانە سەر شەقامەکان

18:32 - 20 خاکەلێوه 2723

هێرشی کیمیایی کرایە سەر قوتابییانی قوتابخانەکانی مێعراج، سومەیە و تاڵەقانی لە شاری سەقز و قوتابییە ژەهراویکراوەکان بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گواسترانەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات، ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ ٢٠ی‌ خاكه‌لێوه‌ی ١٤٠٢ی هەتاوی و لە درێژەی هێرشی کیمیایی بۆ سەر قوتابخانەکانی کوردستان، قوتابخانەی‌  دواناوەندیی کچانەی مێعراج لە گەڕەکی شانازی سەقز و قوتابخانەکانی سومەیە و تاڵەقانیی ئەو شارە کەوتە بەر هێرشی کیمیایی و دەیان کچ حاڵیان تێک چووە و بارودۆخی هێندێکیان مەترسیدار ڕاگەیەندراوە.

دوابەدوای ئەوە خەڵکی سەقز، بە تایبەتی بنەماڵەی قوتابییان لە بەردەم قوتابخانەی مێعراج کۆ بوونەوە و ئاڵای کۆماری ئیسلامییان هێنایە خوارەوە و دروشمی ''مەرگ و نەمان بۆ خامنەییـ''ـیان وتەوە.

دوابەداوی ئەوە هێزەکانی یەگانی تایبەتی ڕێژیمی ئێران لە شەقامەکانی ئەو شارە جێگیر بوون و خەڵک بە هەڵکردنی ئاگر و دروشمدان ڕووبەڕووی هێزکانی ڕێژیم بوونەتەوە.

سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە گەڕکی شاناز تەقەیان لە خەڵک کردووە، هەروەها چەند هاووڵاتییان دەسبەسەر کردووە.

شایانی باسە کە پاش دەسپێکردنی شۆڕشی ژینا و بەشداریی بەرچاوی ژنان و کچانی ئێران بە تایبەتی ژنان و کچانی کوردستان لە ڕاپەڕینەکانی دژی دەسەڵات، ڕێژیم بە شێوەی پیلان بۆ داڕێژراو بەردەوام هێرشی کیمیایی دەکاتە سەر قوتابخانەی کچان.