کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەسایەتییەکی ناسراوی ناوچەی شپیران لە ورمێ کۆچی دوایی کرد

18:48 - 20 خاکەلێوه 2723

ڕۆژی شەممە ١٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی، مام حەمید عەلیزادە، خەڵكی گوندی ''سپیدەرە''ی سەر بە ناوچەی "شپیرانـ"ـی ورمێ بەهۆی بەساڵاچووییەوە، لە شاری ورمێ کۆچی دوایی کرد.

مام حەمید کەسایەتییەکی دیاری کۆمەڵایەتی و نیشتمانپەروەری ناوچەی شپیران بوو و لەنێو خەڵكی ناوچەدا ڕێزی تایبەتی لێ دەگیرا.

کوڕێکی مام حەمید بە ناوی عەسکەر عەلیزادە، پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بوو و ڕێژیمی ئێران بەو هۆیەوە بەردەوام  ئازار و ئەزییەتی مام حەمیدی دەدا و بە دەیان جار گرتیان و بە دەیان جار ئازار و ئەزییەتیان دا، هەروەها گوندەکەیان سووتێندرا و دەربەدەر کران.

مام حەمید و بنەماڵەکەی دوای سووتاندنی گوندەکەیان چەندین شوێنی بۆ ژیان هەڵبژارد، بەڵام هەر لەژێر ئازار و ئەزییەتی دوژمندا بوو و وازیان لێ نەدەهێنا. تا سەرەنجام لە گوندی ''بالاجغـ''ـی نزیک شاری ورمێ نیشتەجێ بوون.

هەموو ئەو ساڵانە کە کاک عەسکەر پێشمەرگەی حیزب بوو و بەرپرسایەتیی جۆراوجۆری وەک ئەندامیەتیی کۆمیتەی شارستانی سەڵماس، بەرپرسی تەشکیلاتی ناوچە و بەرپرسی کۆمیتەی شارستان بوو، دوژمن زۆرتر و زۆرتر گوشاری بۆ مام حەمید دەهێنا، بەڵام ئەو مرۆڤە خاوەن ئیرادەیە هەرگیز نە تەسلیمی دوژمن بوو، نە دەستی لە پشتگیریی کوڕە پێشمەرگەكەی هەڵگرت و بەردەوام دەیوت: "من شانازی بە پێشمەرگەبوونی كوڕەكەمەوە دەکەم، با دوژمن هەر بمگرێت و ئازارم بدات."

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی کۆچی دوایی مام "حەمید عەلیزادە" سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان و سەرجەم خەڵکی نیشتمانپەروەری ناوچەی شپیران دەکات و خۆی بە هاوخەمیان دەزانێت.