کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەیئەتێکی ڕێبەریی "هاکپار" و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کۆ بوونەوە

09:58 - 11 بانەمەڕ 2723

بەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی بانەمەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، هەیئەتێکی "هاکپار" بە سەرپەرستیی بەڕێز دوزگین کاپلان، سەرۆکی گشتیی هاکپار و ژمارەیەک لە ئەندامانی ڕێبەریی ئەو پارتە، سەردانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان کرد و لەلایەن شاندێکی حیزبەوە بە سەرپەرستیی کاک مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزب و ژمارەیەک لە ئەندامانی ڕێبەریی حیزبەوە پێشوازییان لێ کرا و بە گەرمی بەخێرهاتن کران.

لەم سەردانەدا، بەڕێز دوزگین کاپلان، سەرۆکی گشتیی هاکپار وتی: "ئێمە بە ئامانجی نوێکردنەوەی پێوەندییەکانمان و پیرۆزبایی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان و ڕاگۆڕینەوە لەسەر چەند بابەتی هەستیار سەردانمان کردوون."

پاشان ناوبراو لەسەر دۆخی تورکیە و هەڵبژاردن و ململانێی حیزبەکان و دەوری کورد لەو پرۆسەیەدا قسەی کرد و سیاسەت و بۆچوونەکانی خۆیانی خستە بەر نەزەری هەیئەتی حیزبەوە.

دواتر کاک مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکرات، لەسەر ڕەوشی ئێران و شۆڕشی ژینا لەژێر دروشمی "ژن ژیان ئازادی" و دەوری کورد لە ئاستی کوردستان و ئێران و تاوانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرامبەر بە خۆپیشاندەران و خەڵکی مافخواز و ئازادیخواز قسەی کرد و وتی: "ئێمە وێڕای ئەوەی لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لەو ماوەیەدا لەژێر گوشار و هەڕەشە و مووشەکباراندا بووین، بەڵام ڕێبەری و کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزب لە خەبات و تێکۆشان بەردەوام بوون و گەلی کورد لە بەرامبەر ئەو تاوانانەی ڕێژیم هەڵوێستی شیاوی هەبووە."

هەروەها کاک مستەفا لە نێوئاخنی قسەکانیدا باسی لە شپرزەیی ئابووری و داماویی ڕێژیمی ئێران لە دابینکردنی ژیانی خەڵکی کرد.

پاشان هەیئەتی هاکپار لەوبارەوە ڕای خۆیان دەربڕی و جەختیان کردەوە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ئەمنییەت و ئۆقرەی ناوچەکە مەترسییەکی گەورەیە، بە تایبەت لەسەر پرسی کورد.

لە کۆتایی ئەو باس و ڕاگۆڕینەوەیەدا هەر دوو لا لەسەر هاوکاری و پێوەندیی دۆستانەیان جەختیان کردەوە و هەیئەتی هاکپار بە ڕێزەوە بەڕێ کران.