کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قاچاخچییەکی گەورەی مادەی هۆشبەر سەر بە ڕێژیمی ئێران لە سووریە کوژرا

10:50 - 19 بانەمەڕ 2723

ئەرتەشی ئۆردۆن لە هێرشێکی ئاسمانیدا، کارگەیەکی بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەری لە باکووری سووریە کردە ئامانج و قاچاخچییەکی گەورەی ماددەی هۆشبەر سەر بە حیزبوڵڵا و ڕێژیمی ئێران، لەو هێرشەدا کوژرا.

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، ڕۆژی دووشەممە ١٨ی بانەمەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە هێزی ئاسمانیی ئەرتەشی ئۆردۆن لە هێرشێکدا بۆ سەر دوو بنکەی بازرگانی و کارگەی بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەر لە باکووری سووریە، کارگەی کاپتاگۆن لە پارێزگای دەرعای کردە ئامانج کە لەو هێرشەدا "مەرعی ئەلڕەمسان" قاچاخچیی گەورەی سەر بە حیزبوڵڵای لوبنان و ڕێژیمی ئێران، کوژراوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، لەو هێرشە ئاسمانییەدا ناوەندێکی ماددەی هۆشبەر لە پارێزگای دەرعا هەڵکەوتوو لە باکووری سووریە پێوەندیدار بە حیزبوڵڵای لوبنان کە ڕێژیمی ئێران پشتیوانیی لێ دەکات، کراوەتە ئامانج و بە تەواوەتی لەنێو چووە.

هەروەها لە هێرشیکی دیکەدا بۆ سەر گوندی شەعب لە نزیک پارێزگای سوەیدا لەسەر سنووری ئۆردۆن، مەرعی ئەلڕەمسان، یەکێک لە قاچاخچییە گەورەکانی ماددەی هۆشبەر کە سەر بە ڕێژیمی ئێران بووە، کراوەتە ئامانج و کوژراوە.

جێگەی ئاماژەیە کە کاپتاگۆن، جۆرێکە لە ماددەی هۆشبەر کە وڵاتانی ئورووپایی وعەرەبی دەڵێن کە لە وڵاتی سووریە بەرهەم دەهێندرێت و ڕەوانەی وڵاتانی تر دەکرێت.