کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نازەنین بونیادی لە مەنشووری "جۆرج تاون" هاتە دەرەوە

11:52 - 19 بانەمەڕ 2723

نازەنین بونیادی، ئەکتەر و چالاکی مافی مرۆڤی ئێرانی بە فەرمی ڕایگەیاند کە هیچ جۆرە پێوەندییەکی لەگەڵ مەنشووری "جۆرج تاون" نەماوە.

ڕۆژی دووشەممە ١٨ی بانەمەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، نازەنین بونیادی لە تویتێر ڕوو بە خەڵکی ئێران نووسی: "٥ مانگ پێش لە چوارچێوەی شۆڕشی گەلانی ئێران لەژێر ناوی شۆڕشی ژینا چوومە نێو شۆرای هاوئاهەنگی و هاوپەیمانی، لەو ڕێگەیەدا هێندێک ڕاستیم بۆ ڕوون بووەوە و بڕیارم داوە کە بە فەرمی لەو شۆرایە بێمە دەرەوە."

ناوبراو هەروەها وتیشی: "ئێستا کە بە گشتی لەو شۆرایە هاتوومەتە دەرەوە، وەکوو پێشوو بۆ جێگیرکردنی حکوومەتێکی دێموکراتیک و سێکۆلار، بەپێی ڕاگەیاندنە جیهانییەکانی مافی مرۆڤ، هەوڵ دەدەم."

پێشتریش حامید ئیسماعیلیون یەکێک لە چالاکانی بەرچاوی دژبەری ڕێژیمی ئێران، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە بەهۆی ''نادێموکراتیکبوونی'' مەنشووری "جۆرج تاون" لە هاوپەیمانیەتیی ئەو مەنشوورە هاتووەتە دەرەوە.

حامید اسماعیلیون، سەرۆک و وتەبێژی پێشووی ئەنجومەنی بنەماڵەی قوربانییانی فڕۆکە ئۆکراینییەکە، لە دەقێکدا لەژێر ناوی ''ڕاپۆرتێک بە خەڵک'' سەرەڕای هۆکارەکانی پەیوەستبوونی بە مەنشووری جۆرج تاون، نووسی: ''بەداخەوە کار لەو هاوپیمانییە بە باشی نەچووە پێش. گرووپگەلێک بە شێوەی نادێموکراتیک هەوڵیان دەدا ڕوانگە و هەڵوێستی خۆیان بسەپێنن.''

مەنشووری جۆرج تاون، ڕێکەوتی ١٩ی ڕەشەمە، لەژێر ناوی ''هاوپێوەندی و ڕێکخستن بۆ ئازادیی ئێران'' لە ٨ کەس پێک هات، کە هەتا ئێستا چەند کەس لەو مەنشوورە هاتوونەتە دەرەوە.

جێگەی ئاماژەیە کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێشتر مەنشووری جۆرج تاونی ڕەت کردەوە و لەو پێوەندییەدا کاک خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکرات وتبووی: ''ئێمە داوا لە خەڵکی کوردستان ناکەین پشتیوانی لە مەنشوورەی جۆرج تاون بکەن. ئەوە بەو مانایە نییە ئێمە شەڕمان ڕاگەیاندبێت، بەو مانایەش نییە کە ئێمە بەدوای دژایەتی لەگەڵ ئەم و ئەو بین.''