کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵاتی "ماڵی ئازادی" ساڵی ٢٠٢٣ بە ژنانی ناڕازی ئێران بەخشرا

13:19 - 20 بانەمەڕ 2723

ماڵی ئازادی"، ڕێکخراوێکی ئەمریکایی کە پشتیوانی لە دێموکراسی دەکات، وەک ڕێزلێنانێک بۆ پابەندبوون و چالاکیی بەردەوامی ژنانی ناڕازی ئێران بۆ بەرەوپێشبردنی ئازادی و دێموکراسی، خەڵاتی ساڵی ٢٠٢٣ی پێبەخشین.

مایکل ئەبرامویتز، سەرۆکی ڕێکخراوی ماڵی ئازادی، ڕێکخراوێکی ئەمریکایی لایەنگری دێموکراسی، بە ئاماژەدان بە بڕیاری ڕێکخراوەکە بۆ پێشکەشکردنی خەڵاتەکەی بە ژنانی خۆپیشاندەرانی ئێرانی بەهۆی ''ئازایەتییەکی باوەڕپێنەکراو"یانەوە، وتی: "لە کاتێکدا ژنانی ئێرانی لە هەموو چین و توێژەکانەوە ڕووبەڕووی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ، سەرکوتکردنی دڕاندانە دەبنەوە و خەبات بۆ ئازادی دەکەن، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتگیریان بکات."

هەروەها ماڵی ئازادی ئەم خەڵاتە ساڵانەیەی پێشکەش بە ڤلادیمێر کارا مۆرزا چالاکوانی سیاسی ڕووسی کرد کە بەهۆی شەڕی دژی گەندەڵی و سەرکوتکارییەکانی ڕێژێمی پوتین سزای ٢٥ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە.

"ماڵی ئازادی" کە لە بواری لێکۆڵینەوە و پشتیوانی لە دێموکراسی و ئازادییە سیاسییەکان و مافی مرۆڤ کار دەکات، ساڵانە خەڵاتی تایبەتی خۆی پێشکەش بەو کەسایەتییە دیارانە دەکات کە کاریان کردووە بۆ فراوانکردنی ئازادی و دێموکراسی.

ئانتۆنی بلینکێن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەو ڕێوڕەسمەدا وتی: ''سەدان هەزار ژنی ئێرانی بە پشتیوانی پیاوان سەرەڕای ڕووبەڕووبوونەوەی دڕندانەترین سەرکوتەکان چەندین مانگە داوای ڕێزگرتن لە مافە سەرەتایی و بنەڕەتییەکانی خۆیان دەکەن.