کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێکشکاندنی سەکۆی مووشەکەکانی گرووپی جیهادی ئیسلامیی فەلەستین لەلایەن ئیسرائیلەوە

18:07 - 20 بانەمەڕ 2723

لە درێژەی پێکدادانەکان و هێرشە مووشەکییەکانی گرووپی جیهادی ئیسلامیی فەلەستین بۆ سەر ئیسرائیل، ئەرتشی ئیسرائیل هێرشی کردە سەر بنکەکانی ئەم گرووپەی سەر بە ڕێژیمی ئێران.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی بانەمەڕ، گرووپی جیهادی ئیسلامیی فەلەستین زیاتر لە سەد مووشەکیان لە لێواری غەزەوە ئاراستەی ئیسرائیل کرد، کە لەلایەن ئەرتشی ئیسرائیلەوە وڵام درایەوە.

لە کاردانەوە بە هێرشە مووشەکییەکانی گرووپی جیهادی ئیسلامی، ئەرتشی ئیسرائیل لە ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانیدا شوێنی هاویشتنی مووشەکەکانی ئەم گرووپەی تێکشکاند.

بەهۆی هاویشتنی مووشەک لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانەوە، فڕۆکەخانەی "بن گوریون" لە شاری تێلاڤیڤ بۆ چەند کاتژمێر کاروبارەکانی ڕاوەستا.

بێنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی سێشەممە ١٩ی بانەمەڕ، دوای هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر بنکەکانی گرووپی جیهادی ئیسلامی ڕایگەیاند، ئەگەر پێویست بکات، وڵاتەکەی ئامادەیە لە چەند بەرەیەکدا شەڕ لەگەڵ ڕێژێمی ئێران بکات.

شایانی باسە ڕۆژی سێشەممە ١٩ی بانەمەڕیش، لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەرتشی ئیسرائیل بۆ سەر بنکەکانی جیهادی ئیسلامی، سێ فەرماندەی باڵای ئەم گرووپە کوژران و ٢٠ فەرماندەی دیکەش بریندار بوون.