کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی لەمێژینەی حیزبی دێموکرات کۆچی دوایی کرد

20:50 - 20 بانەمەڕ 2723

پوورە مریەم کاکەسوور، ئەندامی لەمێژینەی حیزبی دێموکرات و کادری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ماڵاوایی لە ژیان کرد.

بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٠ی بانەمەڕ، پوورە مریەم کاکەسوور، ئەندامی لەمێژینە و دڵسۆز و وەفاداری حیزبی دێموکرات و هاوسەری نەمر مام ڕەحمان ئاخکەندی، بەهۆی نەخۆشی لە تەمەنی ۷۰ ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد.

ناوبراو خەڵکی گوندی بەردەزەردی ناوچەی فەیزووڵڵابەگی سەقز بوو و لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر پەروەردە ببوو و ژیانی هاوبەشی لەگەڵ کادری بەوەج و خۆشناوی حیزب، نەمر مام ڕەحمان ئاخکەندی پێک هێنابوو.

پوورە مریەم لەدوای تێکۆشانی ئاشکرای حیزب، تێکەڵ بە ژیانی شۆڕشگێری ببوو و وێڕای هاوژینەکەی هەموو شاخ و دۆڵ و پێدەشتەکانی کوردستانی کردبوو و لە هەموو سەختی و مەینەتییەکانی ژیانی پێشمەرگایەتیدا بەشدار بوو.

ناوبراو نزیک بە چوار دەیە ژیانی شۆڕشگێڕی، ئەندامێکی دڵسۆز و خەمخۆری حیزب بوو و لە هەموو کۆڕ و کۆبوونەوە حیزبییەکان بەشداریی چالاکانەی هەبوو. هەروەها یەکێک لە کادرە بەوەجەکانی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو. هەروەها لەگەڵ دەروجیران و هاوسەنگەرانیدا ژنێکی میهرەبان و قسەخۆش و میواندار بوو.

تەرمی پوورە مریەم، ڕۆژی چوارشەممە بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە کادر و پێشمەرگە و بنەماڵەکانیان، لە گۆڕستانی شەهیدان بە خاکی پیرۆزی نیشتمان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە خزم و کەسوکاری پوورە مریەم و هەموو هاوڕێ و هاوسەنگەرانی دەکات و خۆی بە هاوخەمیان دەزانێت.