کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەڵاڵەی کۆنگرەی ئەمریکا بە مەبەستی دانانی گەمارۆی زیاتر بۆ سەر بەرنامەی مووشەکیی ئێران

09:52 - 21 بانەمەڕ 2723

نوێنەرانی دوو حیزبی کۆنگرەی ئەمریکا، گەڵاڵەیەکیان بە مەبەستی دانانی گەمارۆی زیاتر دژی بەرنامەی مووشەکی و دڕۆنیی ڕێژیمی ئێران پاش کۆتاییهاتنی گەمارۆکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دژی ئەو ڕێژیمە، ئامادە کردووە.

داڕێژەرانی ئەو گەڵاڵەیە ڕۆژی سێشەممە ١٩ی بانەمەڕ لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند کە سەرەڕای بەربەست و گەمارۆکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، مووشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ڕێژیمی ئێران، هاوپەیمانانی ئەمریکا لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەنە ئامانج و بە شێوەیەکی بەرچاو لەشەڕ دژی ئۆکراین یارمەتیی ڕووسیە دەدەن.

لە بەشێکی دیکە لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە ئەگەر بە خێراترین کات کارێک بۆ پێشگرتن لە ڕێژیمی ئێران نەکرێت، ئەوە مووشەک و دڕۆنەکانی ڕێژیمی ئێران پاش هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان و بەربەستەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر بەرنامەی مووشەکیی ئەو ڕێژیمە، مەترسییەکی گەورە بۆ سەر جیهان دروست دەکەن.

بەپێی ئەو گەڵاڵە پێشنیارییەی کۆنگرەی ئەمریکا کە لەژێر ناوی یاسای ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەناردەکردنی بەربڵاوی مووشەکی ڕێژیمی ئێران و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ جینایەت داڕێژراوە، گەمارۆگەلێکی زیاتر دەخرێتە سەر ڕێژیمی ئێران و داوا لە دەوڵەتی ئەمریکا دەکات کە ڕێکاری نوێ دژی بەرنامەی مووشەکی و دڕۆنیی ڕێژیمی ئێران بگرێتە بەر.